ئاژانسی کوردپا: لەلایەن کۆمەڵێک لە چالاکانی مەدەنی و سیاسیی کوردی خەڵکی کوردستانی رۆژهەڵات و نیشتەجێی هەرێمی کوردستانەوە، دووەمین کۆنفڕانسی ژینۆسایدی گەلی کورد بەڕێوە دەچێت.
بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە رۆژانی داهاتوودا دووەمین کۆنفڕانسی ژینۆسایدی گەلی کورد، لە یەکێک لە شارەکانی هەرێمی کوردستان و بە بەشداری چالاکانی مەدەنی و سیاسیی کورد، دەست بەکارەکانی خۆی دەکات.

عەبدولڕەحمان بەربەری لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا بە ئاژانسی کوردپای راگەیاند، " كۆنفڕانسی دووەمیش هەموو بەشەكانی كوردستان لە خۆی دەگرێت، بەڵام لەم كۆنفڕانسەدا زیاتر باس لەسەر كۆمەڵكوژی و ڕەشەكوژیی هاووڵاتییانی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات و رۆژئاوا دەكرێت و لەسەریان دەدوێین".
ئەو بەڕێوەبەرەی کۆنفڕانسی ژینۆسایدی کورد ئەوەشی خستەڕوو، "ئێمە وەكوو گەلی كورد ساڵانێكی دوور و درێژە بەرەو ڕووی كۆمەڵكوژی بووینەتەوە و هەرئێستاش ژینۆساید لەسەر گەلەكەمان بەردەوامە".
عەبدولڕەحمان بەربەری ئاماژەی بەوەش کرد، هەتا ئێستا لە ئاست ناوچەیی و نێودەوڵەتیدا لەسەر ژینۆسایدی کوردستانی رۆژهەڵات بەشێوەیەكی بەرچاو كاری بۆ نەكراوە، هەر بۆیە پێویستە ئەم كەیسە بگەیەنینە ڕێكخراوە نێو دەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ و كاری لەسەر بكەین، چونكە تاكوو ئێستاش كۆماری ئیسلامی لە كوردستان نەتەوەی كورد ژینۆساید و قڕ دەكات".
ناوبراو لە کۆتایی وتەکانیدا ئاماژەی بەوەش کرد، "پێویستە رۆژێکی تایبەت وەکوو رۆژی ژینۆسایدی گەلی کورد لە کوردستانی رۆژهەڵات دیاری بکرێ و بە فەرمی بناسرێت.
لە کۆتایی مانگی بانەمەڕی ئەمساڵدا یەکەمین کۆنفڕانسی ژینۆسایدی گەلی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان، لە شاری قەڵادزێ بە ئامادەبوونی کۆمەلێک لە چالاکانی مەدەنی و سیاسیی کوردی خەڵکی کوردستانی رۆژهەڵات، بەڕێوەچوو.





