حەفتەی کۆتایی چوارەمی مانگی گەلاوێژی ١٣٩٢ی هەتاوی

ئاژانسی کوردپا: بەمەبەستی زیاتر زەق کردنەوە و تاوتوێ کردنی مەسەلە پەیوەندیدارکانی تایبەت بە ژنان، ئاژانسی کوردپا بەشێوی حەفتانە راپۆرتێک لەژێر ناوی "بەرموور" بڵاو دەکاتەوە.

ئامانجی سەرەکی لە بڵاوکردنەوەی ئەم راپۆرتە تایبەتییە، زەق کردنەوەی پێشلکارییەکانی دەرهەق بە ژنان و هەروەها گرینگی دان بە سەرجەم چالاکییەکانی ژنان کە لەلایەن ژنان و رێکخراوەکانی پەیوەندیدار بە ژنانەوە ئەنجام ئەدرێت.

بەهۆی بەربڵاوی و گرینگیی ئەم بابەتە و هەروەها نەبوونی دەنگدانەوە لە ناو میدیاکاندا، "بەرموور" بە شێوەی دیاریکراو دەپرژێتە سەر بابەت و مەسەلەکانی ژنان لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران، بەڵام ئەمە بەو واتایە نییە کە ناوچەکانی دیکەی ئێران دەخرێنە پەراوێزەوە، بۆیە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا هەوڵ ئەدات بەپێی ئیمکان، گرینگی بە سەرجەم ناوچەکان دیکەی ئێرانیش بدات.

راپۆرتی ئەم حەفتەیەی بەرموور، ٤ حاڵەت پێشێلکردنی مافی ژنان لە کوردستان و ٤ حاڵەت پێشلکردنی مافی چالاکانی ژن لە زیندانەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران و ناوچەکانی دیکەی ئێران، لەخۆ دەگرێت.

کوردستـــــــــــان
لە ماوەی حەفتەی رابردوودا ٤ ژنی کورد هەوڵی خۆکوژییان داوە

خۆکوژی وەکوو رێگە چارەیەک بۆ هەڵهاتن لە کێشە بنەماڵەیی، ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان لە کۆمەڵگای نەریتیی کوردستان بەردەوام قوربانی دەگرێت.

نەبوونی ناوەندە دەرمانی و راوێژکارییەکانی تایبەت بە ژنان و نەدانی مۆڵەتی کار بە رێکخراوەکانی چالاک لەو بوارەدا، رێژەی خۆکوژیی ژنان بەردەوام روو لە زیادبونو دەکات.

لە مانگی گەلاوێژ دا ٧ ژن و کچی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان دستیان داوەتە خۆکوژی و گیانیان لە دەست داوە. لە پێنج حاڵەت دا ژنان و کچان بە ئاگریان لە خۆیان بەرداوە.

بە پێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاو کراونەتەوە، لە ماوەی حەفتەی رابردودا ٤ ژن و کچی کورد دەستیان داوەتە خۆکوژی کە ٣ کەسیان گیانیان لە دەست داوە و دۆخی جەستەیی کەسێکیان نالەبار راگەیەندراوە.

رۆژی شەممە ٢٦ی گەلاوێژ، کچێکی تەمەن ٢١ ساڵی خەڵکی شاری "شنۆ" بە ناوی "خەدیجە محەمەد رەحیم" بە هۆی کێشەی بنەماڵەییەوە دەستی دایە خۆ کوژی و گیانی لە دەست دا.

خەدیجە بە لێدانی چەقۆ لە سەر دڵی خۆی بۆتە هۆی پچڕانی دەماری "ئائورت" و پاش گەیشتن بە نەخۆشخانە گیانی لەدەست دا.

لە لایەکی دیکەوە لە رۆژی دووشەممە ٢٨ی گەلاوێژ، ژنێکی لاو بە ناوی " شوعلە قادری" کە رۆژی هەینی ١٨ی گەلاوێژ دەستی دابوویە خۆکوژی، لە یەکێک لە ناوەندە دەرمانییەکانی شاری کرماشان گیانی لە دەست دا.

ئەم ژنە تەمەن ٢٤ ساڵەیەی خەڵکی شاری مەریوان، بە هۆی کێشەی بنەماڵەییەوە لە رێگەی خۆ هەڵواسینەوە دەستی دابووە خۆکوژی.

هەر لەو رۆژەدا ژن و کچێک لە شارەکانی جوانڕۆ و سەلاسی باوەجانی ئاگریان لە جەستەی خۆیان بەرداوە کە یەکێکیان گیانی لە دەست داوە و دۆخی جەستەیی کەسێکیان نالەبار راگێندراوە.

"سەرگوڵ خەندان" کچی "حەسەن" و خەڵکی گوندی "کانی رەشی" شاری "سەلاسی باوەجانی" بە هۆی کێشەی بنەماڵەییەوە ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا و لە ئەنجامدا بووە هۆی گیان لەدەست دانی.

لە لایەکی دیکەوە و هەر لەو رۆژە دا، "دڵشاد ئیسماعیل‌زادە" تەمەن ١٨ ساڵ، کچی "حەمید" و خەڵکی گوندی "سەراوی بەردی زنجیر" لە شاری جوانڕۆ، بەهۆی کێشەی بنەماڵەییەوە ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو ژنە تەمەن ١٨ ساڵەیە رێژەیەکی زۆر لە ئەندامانی جەستەی تووشی سووتان بووەو بۆ چارەسەریی برینەکانی رەوانەی نەخۆشخانەی "خومەینی"ی شاری کرماشان کراوە.

پزیشکانی ئەو نەخۆشانەیە باری تەندرووستیی "دڵشاد"یان ناجێگیر راگەیەندووە.

ئێــــــــــــران
دۆخی چالاکانی ژنی پەیڕەوی کەمایەتییە ئایینییەکان لە ئێراندا

پەیڕەوانی ئایینی بەهایی لە ئێران بە حەشیمەتێکی نزیک بە نیو میلیۆن کەسییەوە بە گەورەترین کەمایەتیی ئایینی ئەژمار دەکرێن کە لە ئێران دا بە فەرمی نەناسراوە وپەیڕەوانی بە شێوەیەکی بەردەوام لە لایەن ناوەندە ئەمنیەتی و ئیتلاعاتییەکان دا لە ژێر گوشار دان.

لە درێژەی رەوتی دەستبەسەرکرانی هاووڵاتییانی بەهایی لە ئێراندا، رۆژی پێنج‌شەممە ٢٤ی گەلاوێژ، سێ هاووڵاتیی دیکەی پەیڕەوەی ئایینی بەهایی لە یەکێک لە گوندەکانی دەورووبەری ئیسفەهان دەستبەسەر کران.

شووناسی ئەم ٣ هاووڵاتییە "بەنەفشە فردەوسیان"، " ئەفرۆز روحی" و "مەسعود وجدانی" راگەیەندراوە.

هەواڵەکان باس لەوە دەکەن کە هێزە ئیتلاعاتییەکان وێڕای هێرش بۆ سەر ماڵی ئەم هاووڵاتییە بەهاییانە و لێپرسینەوەیان، دەستیان بە سەر کتێبە ئایینی و هێندێک لە کەرەستە تایبەتییەکانی ئەو هاووڵاتیانەیان گرتووە.

" بەنەفشە فردەوسیان" ئێوارەی ئەو رۆژە بە دانانی بارمتە ئازاد کرا، بەڵام لە چارەنووسی " ئەفرۆز روحی " و هاووڵاتییەکی دیکەی بەهایی هیچ هەواڵێک لە بەر دەست دا نییە.

دۆخی چالاکانی ژن لە زیندانەکانی ئێران دا
دوای نزیک بە یەک مانگ لە دەستبەسەرکرانی مەریەم شەفیع‌پوور و تەواوبوونی قۆناغی لێکۆڵینەوە، ناوبراو هێشتا لە ژوورە تاکەکەسییەکان دا راگیراوە.

مەریەم شەفیع‌پوور، رۆژی شەممە ٥ی گەلاوێژ دوای بانگهێشت کران بۆ لقی ٢٠ی دادسەرای موقەدەس و دوای لێپرسینەوە، دەستبەسەر و بۆ بەندی ٢٠٩ی زیندای ئەڤین راگوێزرا.

ناڕوونیی دۆخی ئەو چالاکە مەدنییە وهەروەها نابەرپرسیارەتیی بەرپرسانی زیندان، نیگەرانیی لای بنەماڵە ناوبراو دروست کردووە.

بە پێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاو کراونەتەوە، بنەماڵەی مریەم شەفیع‌پوور دوای ئەوەی کە بۆ دوایین جار بانگهێشتی دادسەرای موقەدەسی لقی ٢ی ئەڤین کران، داوایان لە کارناسانی پەروەندەی ناوبراو کردووە کە دەواو و دەرمانەکانی رۆڵەکەیان وەربگرن و رادەستی ناوبراوی بکەن، بەڵام بەرپرسانی زیندان لەدانی دەواە دەرمان بەو زیندناییە خۆیان بورادووە.

مەریەم شەفیع‌پوور، رۆژی شەممە ٥ی گەلاوێژ دوای بانگهێشت کران بۆ لقی ٢٠ی دادسەرای موقەدەس و دوای لێپرسینەوە، دەستبەسەر و بۆ بەندی ٢٠٩ی زیندای ئەڤین راگوێزرا.

ناوبراو ساڵی ١٣٨٩ بە هۆی چالاکیەکانیەوە لە لایەن دادگای شۆڕشی قەزوێنەوە بە یەک ساڵ زیندانیی هەڵپەسێراو مەحکووم کرا بوو.

"شەهلا سارمی" تەمەن ٢٨ ساڵ و خوێندکاری بەشی" پەیوەندییە گشتییەکانی" زانکۆی "علمی کاربردی"، رۆژی ١٥ی جۆزەردانی ئەمساڵ دەستبەسەر و بۆ بەندی ٢٠٩ی زیندانی ئێڤین گوازرایەوە.

لە لایەکی دیکەوە، لە چارەنووسی "شەهلا سارمی" کەهاوڕێ لەگەڵ باوک و براکەی دەستبەسەر کرابوو، هیچ هەواڵێک لە بەر دەست دا نییە.

"شەهلا سارمی" تەمەن ٢٨ ساڵ و خوێندکاری بەشی" پەیوەندییە گشتییەکانی" زانکۆی "علمی کاربردی"، رۆژی ١٥ی جۆزەردانی ئەمساڵ دەستبەسەر و بۆ بەندی ٢٠٩ی زیندانی ئێڤین گوازرایەوە.

ناوبراو کچی "حەسەن سارمی" یەکێک لە چالاکانی مافی منداڵان و زیندانیانی دەیەی ٦٠ی هەتاوییە.

بنەماڵەی "شەهلا سارمی" تا ئێستا نەیانتوانیوە لە گەڵ ناوبراو چاوپێکەون بکەن.

سەرچاوەکان:
ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا (٣ حاڵەت)
هەواڵدەریی هێرانا (١ حاڵەت)
ماڵپەڕی چالاکانی مافی مرۆڤ و دێمۆکراسی لە ئیران دا (١ حاڵەت)
ماڵپەڕی "جرس" ( ١ حاڵەت)