حەفتەی چوارەمی مانگی گەلاوێژی ١٣٩٢ی هەتاوی
ئاژانسی کوردپا:بەمەبەستی زیاتر زەق کردنەوە و تاوتوێ کردنی مەسەلە پەیوەندیدارکانی تایبەت بە ژنان، ئاژانسی کوردپا بەشێوی حەفتانە راپۆرتێک لەژێر ناوی "بەرموور" بڵاو دەکاتەوە.
ئامانجی سەرەکی لە بڵاوکردنەوەی ئەم راپۆرتە تایبەتییە، زەق کردنەوەی پێشلکارییەکانی دەرهەق بە ژنان و هەروەها گرینگی دان بە سەرجەم چالاکییەکانی ژنان کە لەلایەن ژنان و رێکخراوەکانی پەیوەندیدار بە ژنانەوە ئەنجام ئەدرێت.
بەهۆی بەربڵاوی و گرینگیی ئەم بابەتە و هەروەها نەبوونی دەنگدانەوە لە ناو میدیاکاندا، "بەرموور" بە شێوەی دیاریکراو دەپرژێتە سەر بابەت و مەسەلەکانی ژنان لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران، بەڵام ئەمە بەو واتایە نییە کە ناوچەکانی دیکەی ئێران دەخرێنە پەراوێزەوە، بۆیە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا هەوڵ ئەدات بەپێی ئیمکان، گرینگی بە سەرجەم ناوچەکان دیکەی ئێرانیش بدات.
راپۆرتی ئەم حەفتەیەی بەرموور، ٢ حاڵەت پێشێلکردنی مافی ژنان لە کوردستان و ١٠ حاڵەت پێشلکردنی مافی چالاکانی ژن لە زیندانەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران و ناوچەکانی دیکەی ئێران، لەخۆ دەگرێت.

کوردستـــــــــــان
درێژی خۆ کوژیی ژنانی کورد

نەریتی بوونی کۆمەڵگای کوردستان، هەژاری، دەستکورتی و کێشە بنەماڵەییەکان، لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا رێژەی خۆکووژیی ژنان و کچانی کورد بەشێوەیەکی سەرسووڕهێنەر رووی لە زیادبوون کردووە.
بەپێی ئەو هەواڵانەی بڵاو بوونەتەوە، لەماوەی حەفتەی رابردوودا کچێکی لاو بە ناوی "بەهارە" لە یەکێک لە گوندەکانی دەورووبەری سەلاسی باوەجانی ئاگری لە جەستەی خۆی بەرداوە و لە ئاکام دا بووەتە هۆی گیان لە دەست دانی.
"بەهارە" تەمەن ٢١ ساڵ و دانیشتووی گوندی "دەرەوەن"ی سەلاسی باوەجانی بووە کە بە هۆی کێشەی بنەماڵەییەوە هەوڵی خۆکوژی داوە لە ئەنجامدا بۆتە هۆی گیان لەدەست دانی.
ناوبراو دوای شەش رۆژ مانەوە لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری کرماشان، بە هۆی قووڵی برینەکانیەوە و سووتانی لەڕادەبەدەری جەستەی، گیانی لە دەست داوە.
بەپێی ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی کوردپا، لەسەرەتای ئەمساڵەوە هەتا ئێستا ٣١ ژن و کچی کورد لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران بەهۆکاری جۆراوجۆر کۆتاییان بەژیانی خۆیان هێناوە.
٥٢% ژنانی کورد لە رێگەی خۆسووتاندنەوە کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە
خشتەی خوارەوە شێوەی خۆکوژیی ژنانی کورد لە ماوەی ٥ مانگی رابردوو دا نیشان دەدات.
بە پێی ئەو خشتەیە، خۆسووتاندن باوترین شێوەی خۆکوژیی ژنان و کچانی کورد بووە و دوای خۆسووتاندن، خۆ هەڵواسین لە پلەی دووهەم دا دێت.

بانگهێشت کردنی هاووڵاتییەکی کورد بۆ دادگای سەردەشت

حکومەتی ئیسلامیی ئێران لە ماوەی ساڵانی رابردوودا بە مەبەستی گوشار خستنە سەر چالاکانی کورد، گوشاری خستووەتە سەر بنەماڵەو کەسانی نزیک لەو چالاکانە و وێڕای بانگهێشت کردن بۆ دادگا هەڕەشەشیانی لێ کردووە.
لە ماوەی حەفتەی رابردوودا، هاوسەری یەکێک لە چالاکانی کورد بە ناوی " سین . ئەلف" بانگهێشتی ئیدارەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سەردەشت کراو پاش چەند کاتژمێر لێپرسینەوە ئازادکرا. ئەم کردەوەی ئیدارەی ئیتلاعات ترس و دڵەڕاوکێی لای ئەو هاووڵاتییە کوردە دروست کردووە.
هاوسەری " سین . ئەلف" بە ناوی "رەشید رەسوڵیان" ، رۆژی سێشەممە ٢٢ی گەلاوێژ، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی حکومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کرابوو.
ئێــــــــــــران
دۆخی چالاکانی ژنی پەیڕەوی کەمینە ئایینیەکان لە ئێران
ژنان وەکوو نیوەی کۆمەڵ، لە کۆمەڵگای ئێراندا بەردەوام مافەکانیان پێشل کراوە.
زۆرن ئەو ژنانەی کە بە هۆی بیرو باوەڕ و پەیڕەوەی لە ئایینێک بانگهێشت، دەستبەسەر و هەڕەشەیان لێکراوە و هەتا ئێستاش لە هیچکام لە میدیاکاندا رەنگدانەوەی نەبووە.

بە پێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاو بوونەتەوە، گوشار بۆ سەر پەیڕەوانی دینی مەسیحی پەرەی سەندووە و پاش دەستبەسەرکردنی ٢ هاووڵاتیی مەسیحی لە ئیسفەهان، لە ماوەی رۆژانی رابردوودا ٥ هاوولاتیی دیکە لە تاران دەستبەسەر کراون.
رۆژی هەینی ١٨ی گەلاوێژ، هێزە ئەمنیەتییەکانی حکومەتی ئێران دوای هێرش بۆ سەر ناوەندێکی ئایینی مەسیحییەکان، ٥ کەس دەستبەسەر کراون کە شووناسی ٣ کەسیان "پەرهام فەرازمەند، سارا سەردسیریان و سدیقە کیانی" راگەیەندراوە.
شووناسی ئەو ٢ کەسەی دیکە بۆ ناوەندەکانی هەواڵ دەر نەکەوتووە.
هێزە ئەمنیەتییەکان وێڕای ئەوە کە بەشداربوانی ئەو رێورەسمە ئایینییەیان داوەتە بەر لێدان و سووکایەتی پێکردن، ئەو شوێنەیان پشکنیەوە و کەرەستە شەخسییەکانی وەکوو موبایل و.... زەوت کردووە.
لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاکوو ئێستا، چەندین ژنی پەیڕەوەی ئایینی مەسیحی لە لایەن هێزە ئیتلاعاتی و ئەمنیەتییەکانی حکومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون کە دەتوانین ئاماژە بە "سومەیە بەختیاری"، "روناک سەماوات" ، "نەسیم زەنجانی"، "سدیقە ئەمیرخانی" و "مەهناز رەفیعی" بکەین.

لە لایەکی دیکەوە، بەرپرسانی زیندانی کاروونی ئەهواز و دادوەری دادگا، لە دانی مەرەخەسی بە ٢ هاووڵاتیی پەیڕەوی ئایینی مەسیحی بەناوەکانی "شەهناز جیزان" و هەروەها هاوسەری ناوبراو "فەرهاد سەبوکروح" خۆیان بواردووە.
دادوەری دادگا بە بیانووی ون بوونی پەروەندەی "شەهناز جیزان" و هاوسەرەکەی لە دانی مورەخەسی بەو دوو هاووڵاتییە خۆی بواردووە.
ئەم دوو هاووڵاتییە، لە لایەن دادگای شۆڕشی ئەهوازەوە بە تاوانی " پەیڕەوەی لە دینی مەسیحییەت، هاندانی کەسانی موسڵمان بۆ گۆڕینی ئایینی خۆیان و چالاکی دژی نیزام" بە یەک ساڵ زیندنایی تەعزیری مەحکوم کراوون.
شەهناز و فەرهاد هەنووکە لە زیندانی کارونی ئەهواز ماوەی حوکمەکەی خۆیان تێپەڕ دەکەن.

لە لایەکی دیکەوەو لە درێژەی دەستبەسەر کردنی هاووڵاتیانی بەهایی، رۆژی سێشەممە ٢٢ی گەلاوێژ، هاووڵاتییەکی پەیڕەوی ئایینی بەهایی بە ناوی "فەتانە نەبیلزادە" لە شاری مەشهەد، دەستبەسەر کرا.
"فەتانە نەبیلزادە" لەگەڵ دوو هاووڵاتیی دیکەی پەیڕەوەی ئایینی بەهایی، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی حکومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گوازراونەتەوە.
دۆخی چالاکانی ژن لە زیندانەکانی ئێران
بە پێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاو بوونەتەوە، حەکیمە شوکری، زیندانیی سیاسی دەستبەسەر کراو لە زیندانی ئێڤینی تاران، دوای ٧ رۆژ مەرەخەسی، رۆژی دووشەممە ٢١ی گەلاوێژ خۆی بە بەرپرسانی زیندانی ئێڤین ناساندەوە.

حەکیمە شوکری لە ١٤ی سەرماوەزی ١٣٨٨ دەستبەسەر و ە ٢٣ی خاکەلێوەی ١٣٩١ بە تاوانی پروپاگەندە دژی نیزام و هاوکاری دایکانی پارکی لالە، بە ٣ ساڵ زیندانیی تەعزیری مەحکوم کرا.
ناوبراو رۆژی یەکەمی خەزەڵوەری١٣٩١ بە مەبەستی تێپەڕاندنی ماوەی حوکمەکەی خۆی بە بەرپرسانی زیندانی ئێڤین ناساند.
لە لایەکی دیکەوە، ماوەی نزیک بە سێ حەفتەیە کە ژنانی زیندانی کراو لە زیندانی ئێڤین لە چاوپێکەوتن لە گەڵ منداڵانی خۆیان بێبەری کراون.
فاران حیسامی، مەریەم ئەکبەریمونفەرد، سدیقە مورادی و فەریبا کەماڵئابادی ئەو دایکانەن کە لە ماوەی ٢ حەفتەی رابردوودا لە چاوپێکەوتنی راستەوخۆی منداڵەکانیان بێبەری کراون.
ئەمە بۆ یەکەم جارە کە ئەم دایکانە لە چاوپێکەوتنی راستەوخۆی منداڵەکانیان بێبەری دەکرێن و بەدواداچوونی بنەماڵەکانیان هەتا ئێستا هیچ ئاکامێکی نەبووە.
سەرچاوەکان:
ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا ( ٢ حاڵەت)
هەواڵدەریی هێرانا ( ٣ حاڵەت)
ماڵپەڕی کۆمیتەی هەواڵنێرانی مافی مرۆڤ ( ١ حاڵت)
ماڵپەڕی "محبت نیوز" ( ١ حاڵەت)
ماڵپی کەمپەینی نێونەتەوەیی مافەکانی مرۆڤ لە ئێران (١ حاڵەت)





