ئاژانسی کوردپا: لە دوو رووداوی هاتووچۆدا لە ناوچەکانی سەلاسی باوەجانی و جوانڕۆ، ٢٠ هاووڵاتیی کورد کوژراون و بریندار بوون.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی چوارشەممەی رابردوو لە ئەنجامی وەرگەڕانی ماشێنێکی جۆری سایپا لە شوێنێک بەناوی "ناودێ" کە هەڵگری ٦ کەس بووە، ٤ کەسیان بەناوەکانی "تەیبە یوسفی" هاوسەری "عێزەت مورادی" و هەروەها "شیرین و فەتحوڵڵا مورادی" برازای ناوبراو گیانیان لەدەست دا.
هەر لەو رووداوەدا ٢ هاووڵاتیی دیکەش بە توندی بریندار بوون و بۆ چارەسەریی برینەکانیان رەوانەی نەخۆشخانەی کراون.
بە وتەی هاووڵاتییان ئەو رێگەیە هیچ لەمپەر و هێمایەکی قەراخ جاددەی نییەو بەو هۆیەوە ساڵانە دەیان هاووڵاتیی کورد دەبنە قوربانی و تووشی زیانی گیانی و ماڵی دەبن.
لەلایەکی دیکەوەو لە هەمان رۆژداو بەهۆی وەرگەڕانی ماشێنێکی دیکەی جۆری سایپا لە شوێنیک بەناوی "سەراوی بەری زەنجیر" کە هەڵگری ١٤ هاووڵاتیی خەڵکی گوندی "کزێ"ی سەربە شاری جوانڕۆ بووە، ٨ کەسیان بەتوندی بریندار بوون و باری تەندرووستیی ٣ کەسیان ناجێگر راگەیاندراوە.
کەمتەرخەمیی بەرپرسان و لایەنە پەیوەندیدارەکان لەمەڕ دانانی لەمپەر و هێماکانی هاتووچۆ لە جاددەکاندا، ساڵانە دەیان هاووڵاتی لە جاددەکانی ئێراندا دەبنە قوربانی و لە پەیوەندییەدا رۆژی ١١ی گەلاوێژی ئەمساڵ، مینی بووسێکی مسافیر هەڵگر لە ئەنجامی کەوتنە نێو بەنداوی کاروون لە ئوستانی خوزستان، ١٢ هاووڵاتی گیانیان لەدەست دا.






