ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا بەمەبەستی هەرچی زیاتر ئاشکرا کردنی پێشێلکاریی مافی مرۆڤ لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران، هەر حەفتە جارێک راپۆرتێک لە ژێر ناوی "روانگەی حەفتە" لەسەر پێشێلکاریی مافی مرۆڤ بڵاو دەکاتەوە.

لە راپۆرتی حەفتەی کۆتایی مانگی پووشپەڕی سالی ١٣٩٢ی هەتاویدا، ئاوڕ لە ١٤ حاڵەت پیشێلکاریی مافی مرۆڤ لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێــران ئەدەینەوە کە ٦ حاڵەت کوژران و برینداربوونی کۆلبەران و هاووڵاتییانی مەدەنی بە گومانی هەڵگرتنی کەلوپەلی قاچاخ، ٢ حاڵەت بارودۆخی نالەباری زیندانیانی سیاسیی کورد و ١ عاڵەت دەستبەسەر کردن و ٥ حاڵەت دەرکرانی مامۆستایانی کورد لە زانکۆ و رێگری کردن لە چوونەدەرەووەی خوێندکارێکی کورد بۆ دەرەوەی وڵات، دەخرێتەوەروو.

ئاوڕدانەوەیەکی گشتی لە حاڵەتەکانی پێشێلکاریی مافی مرۆڤ لەمانگی پووشپەڕدا:

تەقە کردن لە کۆڵبەران و هاووڵاتییانی کورد

٤ کۆڵبەری کورد لە ناوچەی ماکۆ لە ئەنجامی تەقەی راستەوخۆی هێــزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێراندا کوژراون و بڕیندار بوون.

شەوی پێنج‌شەممە رێکەوتی ٢٧ی پووشپەر کۆڵبەرێکی کورد بەناوی "عەلی ئازین" تەمەن ١٨ ساڵ، کوڕی "خەلیل" و خەڵکی گوندی "بەهلوولە" سەربە شاری ماکۆ لە ئەنجامی تەقەی راستەوخۆی هێزە نیزامییەکاندا سەری بریندار بووە و دەستبەجێ گیانی لەدەست دا.

هەروەها لەئەنجامی تەقەی ئەو هێـزانەدا ٢ برا بەناوەکانی "حەسەن پوورمەحموود" تەمەن ٢٦ ساڵ و "مەحموود پوورمەحموود" تەمەن ٢٢ ساڵ و کوڕی عوسمان و هەروەها کۆڵبەرێکی دیکەش بەناوی "پاشا پوورمەحموود" تەمەن ٢٣ ساڵ و کوڕی محەممەد ئەمین هەر سێ خەڵکی گوندی "دێم قشڵاخ"ی سەربە شاری ماکۆ بوون، بە توندی بریندار کراون.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار لە ئەنجامی تەقەی هێـزە نیزامییەکاندا حەسەن پوورمەحموود پشتی بە توندی بریندار کراوەو پزیشکەکان باری تەندرووستی ناوبراویان مەترسیدار راگەیاندووەو هاوکات مەحموود و پاشا "لاق و ران"یان پێکراوەو لە نەخۆشخانە لە ژێر چاوەدێریی پزیشکی دان.

بەوتەی ئەو سەرچاوەیە رێژەی بریندار کراوەکان لەو ٣ کەسە زیاتر بووە، بەڵام لەترسی هێـــزە حکوومەتییەکان لە چوون بۆ نەخۆشخانەکان خۆیان بواردووە.

لەلایەکی دیکەوە ٢ هاووڵاتیی کورد لەماشێنەکەی خۆیاندا و لە نزیک گوندی "شەڵماش"ی سەربە شاری سەردەشت، ٢ هاووڵاتیی مەدەنی بەناوەکانی جەمشید و هەژار بریندار بوون.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار ئەو ٢ هاووڵاتییە بە برینداری لەلایەن هێـزە ئەمنیەکانەوە دەستبەسەر و هەتا ئیستاش چارەنووسیان ناڕوونە.

بەپێی ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی کوردپا، لەمانگی پووشپەڕی ئەمساڵدا، ٣ کۆڵبەری کوژراون و ٥ کۆڵبەری دیکەش لە ئەنجامی تەقەی ‌هێـزە نیزامییەکاندا برینداربوون.

هەروەها بەپێی ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی کوردپا، لەماوەی ١ مانگی رابردوودا ٢ هاووڵاتیی مەدەنیی کورد بە گومانی هەڵگرتنی کەلوپەلی قاچاخ لەلایەن هێــزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێـمرانەوە کوژراون و ٦ هاووڵاتیی دیکەش بریندار کراون.

راگواستن بۆ قەرەنتینە و زیندانەکانی دیکە و مانگرتنی زیندانیانی سیاسیی کورد

ئەحمەد تەمۆیی، زیندانیی سیاسیی کورد

رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ٢٦ی پووشپەڕ "ئەحمەد تەمۆیی" زیندانیی سیاسیی کورد لەلایەن بەشی بەڕێوەبەریی حوکمەکانی زیندانی رەجایی شارەوە بانگهێشت و پاشان لەلایەن مەئموورانی ئەمنیەتییەوە رەوانەی زیندانی ناوەندیی ورمێ کرا.

کەمپەینی نێونەتەوەیی مافی مرۆڤ لە ئێران بڵاوی کردەوە ئەو زیندانییە کوردە لە کاتێکدا بۆ زیندانی ورمێ گەرێندراوەتەوە کە رێکەوتی ٢١ی سەرماوەزی ساڵی رابردوو بەشێوەی نایاسایی لەگرتووخانەی ئیتلاعاتی "ورمێ"ـوە بۆ زیندانی رەجایی شاری کەرەج راگوێزرا.

ئەحمەد تەمۆیی پاییزی ساڵی ١٣٨٦ هاوڕێ لەگەڵ "یوسف کاکە مەمی" لە جاددەی بۆکان - مەهاباد پاش راوەدوونانێکی زۆر لەلایەن هێــزەکانی سپای پاسداران و ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری مەهابادەوە درانە بەر دەستڕێژی گولـلە و لە ئەنجامدا ئەحمەد تەمۆیی بریندار کراو بۆ گرتووخانەی سپای پاسدارانی شاری مەهاباد گوازرایەوە.
دواتر ئەحمەد تەمۆیی و یوسف کاکە مەمی لەلایەن دادگای ئینقلابی شاری مەهابادەوە بە تاوانی ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکاندا بە ١٥ و ٦ ساڵ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کران.

لەلایەکی دیکەوە زیندانییەکی سیاسیی کورد لە زیندانی ناوەندیی بەندەرعەباس بەناوی "کەریم مووسازادە" ئەندامی ئەنجومەنی "فرزانگان جوان" بەنیشانەی هەڵسووکەوتی نەشیاو و ئەشکەنجەوە مانی لە خواردن گرتووە.

ناوبراو لە رێکەوتی ٧ی گەڵاوێژی ساڵی ١٣٨٨ی هەتاوی بەتاوانی هەوڵدان دژی تەناهی نەتەوەیی دەستبەسەر و دواتر بە ٦ ساڵ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کرا و بۆ زیندانی ناوەندیی شاری بەندەر عەباس راگوێزرا.

بەپێی ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی کوردپا، لەمانگی پووشپەڕی ئەمساڵدا٦ زیندانیی سیاسیی کورد لە زیندانێکەوە بۆ زیندانێکی دیکە و ٤ زیندانیی دیکەش بۆ قەرەنتێنەی نێو زیندان راگوێزراون.

هەروەها بەپێی ئەو ئامارە لەماوەی ١ مانگی رابردوودا، ٤ زیندانیی سیاسیی کورد بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە بارودۆخی نالەباری زیندان و هەروەها ئازار و ئەشکەنجە و پێرانەگەیشتنی پزیشکی، مانیان لە خواردن گرتووە.

دەستبەسەر کردنی هاووڵاتییانی کورد لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێــران

رۆژی پێنج‌شەممە رێکەوتی ٢٠ی پووشپەڕ "محەممەد ئەمین حەشمی" کوڕی ئەحمەد و خەڵکی گوندی "قاڕنجە چکۆلە"ی سەربە شاری بۆکان، لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە لەشوێنی کارەکەی دەستبەسەر کرا.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەک لە مەڕ هۆکاری دەستبەسەر کران و شوێنی راگیرانی ئەو هاووڵاتییە کوردەی شاری بۆکان لەبەر دەستدا نییە.

بەپێی ئامری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی کوردپا، ٣٣ هاووڵاتیی کورد لە مانگی پووشپەڕی ئەمساڵدا لەلایەن ‌هێــزە ئەمنی و ئینتزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون.

ئەو ئامارە رێژەییە و بەپشت بەستن بە ئاماری تۆمار کراو لە ئاژانسی کوردپا بڵاو دەکرێتەوە، بەسەرنجدان بە دۆخی ئەمنییەتیی ناوچە کوردنشینەکانی ئێران و هەروەها نەبوونی میدیایەکی ئازاد بۆ رووماڵ کردنی هەواڵەکان، دەکرێ ئاماری راستەقینە لەو ریژەیەش زیاتر بێت.

دەرکرانی ٥ مامۆستای کورد لە زانکۆ و رێگری کردن لە چوونەدەرەوەی خوێندکاریکی کورد بۆ دەرەوەی وڵات

لە رۆژانی رابردوودا ٣ مامۆستای زانکۆی "ئازاد"ی مەهاباد بەناوەکانی " یونس یەزدانپەرست" خاوەن بڕوانامەی دوکتورای فێقهی "ئەمام شافعی، وریا حەفیدی خاوەن بڕوانامەی دوکتورای زانستی قورئان و هەرەوەها دوکتور مەنسوور سۆهرابی" بە بڕیاری وەزارەتی ئیلاعاتی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران مافی وانە وتنەوەیان لێ ئەستێندرایەوە.

دوکتور مەنسوور سۆهرابی

هەروەها د. هیوا حەفیدی خاوەن بڕوانامەی دوکتورای ئەدەبیاتی عەرەب و مامۆستای زانکۆی قەزوێن، "هەمزە حاجی" خاوەن بڕوانامەی دوکتورای زانستی قورئان و مامۆستای زانکۆی "پەیام نوور"ی پیرانشار لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارانەوە ئاگادار کراونەتەوە کە چیدیکە مافی وانە وتنەوەیان نییە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە ئاژانسی کوردپای راگەیاند، هێزە ئیتلاعاتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران هۆکاری دەرکرانی ئەو ٥ مامۆستا کوردەیان "ئەمنیەتی" راگەیاندووە.

سەرچاوەکە راشیگەیاند، کە دوکتور یونس یەزانپەرست پێش لە دەرکران لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی شاری مەهابادەوە بانگهێشت و بۆ ماوەی ٢ رۆژ دەستبەسەر و لێپرسینەوەی لێکراوە.

لەلایەکی دیکەوە "ئەفشین کەریمیان نەسەب" چالاکی خوێندکاریی کورد و ئەندامی ئیفتیخاریی کۆمیسیۆنی مافی مرۆڤی ئەنجومەنی پارێزەرانی کرماشان کە حەفتەی رابردوو بەتەمابوو سەردانی دەرەوەی وڵات بکات، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی فڕۆکەخانەی کرماشانەوە رێگری لێکرا.

ئەفشین کەریمیان نەسەب، چالاکی خوێندکاریی کورد و ئەندامی ئیفتیخاریی کۆمیسیۆنی مافی مرۆڤی ئەنجومەنی پارێزەرانی کرماشان

ئەو چالاکە خوێندکارییە رێکەوتی ٢٨ی خەزەڵوەری ساڵی ١٣٨٨ لە کرماشان دەستبەسەر و بۆ بەندی ٢٠٩ی زیندانی ئێڤین راگوێزرا و پاش ٢ مانگ راگیران لەو زیندانە، بە دانانی بارمتەی ١٠٠ میلیۆن تمەنی ئازاد کرا.

ئەفشین کەریمیان نەسەب، گەلاوێژی ساڵی ١٣٨٩ بە تاوانی هاندانی خوێندکاران بۆ رووخاندنی نیزام و پێکهێنانی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی و هەوڵدان بۆ لاواز کردنی نیزام و هاوکاری لەگەڵ حیزبەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، لەلایەن لقی ٢٨ی دادگای ئینقلابی تارانەوە، ١٠ ساڵ زیندانیی هەڵپەسێردراوی بۆ بڕایەوە.

ئەو چالاکە فەرهەنگییە کە بڕوانامەی فەوقە لیسانی زانستە سیاسییەکانی هەیە، ماوەی چەندین ساڵە لەئەنجومەنی ژیار و NGO جۆراوجۆرەکانی کرماشاندا سەرقاڵی چالاکیی فەرهەنگی بووە، کە لەو ماوەیەدا چەندین جار لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە بەنگهێشت و لێپرسینەوەی لێکراوە.

ئیدارەی ئیتلاعات رێکخراوی زیندانەکانی رەجایی شاری کەرەج، بەندەر عەباس، هێزەکانی سەرسنوور و هیزە ئینتزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، دەزگای قەزایی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، ئەو ناوەندە حکوومەتییانە بوون کەلە ماوەی ١ حەفتەی رابردوودا ١٤ حاڵەت پێشێلکارییان بەرامبەر بە هاووڵاتییانی کورد ئەنجام داوە.

کەڵک وەرگرتن لە زانیارییەکانی ئەم راپۆرتە، تەنیا بە ئاماژە کردن بە سەرچاوکەی (ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا) رێگە پێدراوە.

سەرچاوەکان:
ئاژانسی هەوالدەریی کوردپا (٥ حاڵەت)
کەمپەینی بەرگری لەزیندانیانی سیاسی و مەدەنیی کورد (١ حاڵەت)
ماڵپەڕی خوێندکار (١ حاڵەت)
ماڵپەڕی کوردستان و کورد (١ حاڵەت)