ئاژانسی کوردپا: یەکێک لە چالاکانی فەرهەنگیی کوردی خەڵکی خۆراسان دوای ٢ مانگ راگیران لە ئیدارەی ئیتلاعات بەسپاردنی بارمتەی٢٠٠ میلیۆنی و بە شێوەکی کاتی ئازاد کرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی شەممە رێکەوتی ١٨ی جۆزەردان "مەهدی جەعفەرزادە" کوڕی جەعفەر چالاکی فەرهەنگیی کوردی خەڵکی شاری " دەرەگەز"ی باکووری ئوستانی خوراسان پاش ٦٠ رۆژ لە دەستبەسەر کران بە دانانی بارمتەیەکی ٢٠٠ میلیۆن تمەنی ئازاد کرا.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند: ئەو چالاکە فەرهەنگییە بە هۆی چالاکی نواندن لە فەیسبووک و هەروەها دۆستایەتی لەگەڵ چالاکانی کوردی ئوستانە کوردنشینەکانی رۆژئاوای ئێران دەستبەسەر کراوە.

مەهدی جەعفەری تەمەن ٣٠ ساڵ و دانێشتووی شاری دەرەگەز لە باکووری ئوستانی خۆراسان بووە کە ٢ مانگ پێش ئێستا لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەستبەسەر و بۆ ماوەی ٦٠ رۆژ لە ژوورە تاکەکەسییەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی "مەشهەد"دا راگیراوە.