ئاژانسی کوردپا: رۆژی دووشەممە رێکەوتی ١٩ی خاکەلێوە، یەکەمین پیشانگای فۆتۆگرافی لە بەرهەمەکانی "شێرکۆجیهانی" وێنەگری خەڵکی شاری مەهاباد، لە وڵاتی سوید دەکرێتەوە.
"شێرکۆ جیهانی" لە لێدوانێکی تەلەفۆنیدا بە ئاژانسی کوردپای راگەیاند: ئەو پێشانگایە بەهاوکاری بەشی فەرهەنگ و هونەری پەیمانگای هونەریی "سیگتونا فولک هوگسکولان" لە وڵاتی سوێد بە نێوەرۆکی سروشت و خەڵکی کوردستان و بۆ ماوەی ٢٢ رۆژ بەردەوام دەبێت.
ئەو وێنەگەرە کوردە لە درێژەی لێدوانەکەیدا ئاماژەی بەوەشدا، وێنەکانی ئەو پێشانگایە ئاکامی ٤ ساڵ کاری وێنەگری لە سەرجەم ناوچەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانە و سروشت و باری گوزەرانی خەڵکی تێدا پیشان ئەدرێت.

پێشتریش لە ساڵی ٢٠٠٨دا شێرکۆ جیهانی پێشانگایەکی لە شاری هەولێر بە پشتیوانی کۆرەک تێلێکۆم و وەزارەتی ڕۆشنبیری بەڕێوە بردووە.
شیرکۆ جیهانی. لە دایکبووی ساڵی ١٣٥٦ لە شاری مەهابادە و لە تەمەنی لاویەتیدا دەستی کردووە بە چالاکی ئەدەبی و بە نووسینی هەڵبەست و چیرۆک، لە کۆڕی ئەدەبی شاری مەهاباد دا بەشداری چالاکانەی هەبووە.
ناوبراو لە ساڵی ١٣٦٨ و ١٣٦٩ی هەتاویدا لە دوو خوولی پەروەردەیی فیلم و فۆتۆگرافیدا لە "انجمن سینمای جوانان ایران" لقی مەهاباد و ناوەندێکی دیکە بە ناوی "موسسە دانشگاهی رسام هنر" بەشداری کردووە.

جیهانی لە ساڵی ١٣٨٤ەوە دەستی بە گرتنی وێنە و فیلم کردووە و هەتا ئێستا چەند کورتە فیلمی دیکیۆمێنتی بەرهەم هێناوە.
ئەو هونەرمەندە کوردە ساڵی ١٣٨٧ی هەتاوی بەهۆی زەخت و گوشاری هێزە ئیتلاعاتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە بەناچاری زێدی خۆی بەجێهێشت.
هەروەها پێشتریش بە تاوانی جۆراوجۆری وەک: چالاکیی سیاسی، ئەندامیەتی لە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان، دژایەتی ئایینی ئیسلام و چەند تاوانی هاوشێوە زیندانی کرابوو.





