ئاژانسی کوردپا: ٢ هاووڵاتیی کوردی خەڵکی سەڵماس لەلایەن دادگای شۆڕشی شاری خۆی"ەوە بە ٤ ساڵ و ٦ مانگ زیندانی تەعزیزری حوکم دران.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، چەند رۆژ پێش ئێستا دادگای شۆڕشی شاری خۆی ٢ هاووڵاتیی کوردی خەڵکی گوندی "دێرک" و سەربە شاری سەڵماس بە تاوانی هاوکاریی حیزبێکی کوردی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بە ٤ ساڵ و ٦ مانگ مەحکووم کراون.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند: "دلاوەر بادکان" کوڕی محەمەد بە ٤ ساڵ زیندان و "کەیوان ئەحمەدی" کوڕی رەشید بە ٢ ساڵ زیندانی تەعزیری حوکم دراون.

پێشتریش دلاوەر بادکان چەندین جار لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر و زیندانی کرابوو و دوایین جار بە تاوانی هاوکاریی حیزبێکی کوردی ئۆپۆزسیۆن دەستبەسەر و بۆ زیندانی سەڵماس راگوێزرا و پاش ٦ مانگ بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی لە زیندان ئازاد کرا.