ئاژانسی کوردپا: شیرکەتێکی بەرهەم هێنانی کەرەسەی "ئاوبارانی" بەهۆی گرانی و نەبوونی مادەی خاو، داخرا و کرێکارەکانی لەسەر کار دەرکرد .
بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رێکەوتی ٤ی بەفرانبار " شیرکەتی "صنایع سبز کردستان" کە کەرەسەکانی تایبەت بە" ئاویاریی بارانی" بەرهەم دەهێنا، بە هۆی گرانیی مادەی خاو و نەبوونی کڕیار بەرەوڕووی داخران بۆوە.
یەکێک لەو کرێکارە دەرکراوەکانی ئەو شیرکەتە بازرگانییە بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند، بەرپرسانی ئەو شیرکەتە ٤٥ کرێکاریان بە پێشینەی ١٠ هەتا ١٢ ساڵی لەسەر کار دەرکردووە و ئێستا تەنیا ٥ کرێکار بە مەبەستی نیگابانی دان لەو شیرکەتە ماونەتەوە.
"خەسرەو" و "محەممەد" ناسنامەی ٢ کەس لەو کرێکارە دەر کراوانەن.
چەند رۆژ لەمەوبەریش بەرپرسانی ئیدارەی شارەوانیی ناوچە ٢ی شاری سنە ٩ کرێکاری "قیرتاو"یان بە بیانووی کەمیی بوودجە لەسەر کار دەرکردبوو.
بەهۆی گەمارۆ نێودەوڵەتییەکان، بەرز بوونەوەی نرخی دراوە بیانییەکان و بڕیاری لابردنی گەڵاڵەی یارانەکان لە ئێران، زۆربەی کەرتە پیشەییەکان بە هۆی نەبوونی کڕیار و گران بوونی کەرەسەی خاو گەورەترین خەساریان بەرکەوتووە و بەرەوڕووی داخران بوونەتەوە.





