ئاژانسی كوردپا: "كورد و كوردستان لە بەڵگەنامە نهێنییەكانی بریتانیادا" كتێبێكی نوێی دوكتۆر كەماڵ مەزهەر ئەحمەد مێژوونووسی ناسراوی كورد بە زاراوەی كورمانجیی سەروو بڵاو كرایەوە.

بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی "نەتەوە"، كتێبی "كورد و كوردستان لە بەڵگەنامە نهێنییەكانی بریتانیادا" كە بە بەرهەمێكی بەنرخی دكتۆر كەماڵ دێتە ئەژمار، هەڵگری گەلێك بەڵگە و دیكیۆمێنتی نهێنیی وەزارەتی دەرەوەی بریتانیایە كە كۆمەڵێك رووداوی گرینگی نەتەوەی كورد لە سەردەی بیستەمی تێدا گونجێنراوە.

ئەو بەرهەمە نوێیە كە لەلایەن وەشانگەی "ئەڤێستا" لە شاری ئەستەمبۆڵ چاپ و بڵاو كراوەتەوە، سەدان بەڵگەی پێوەندیدار بە نەتەوەی كوردی پاش شەڕی جیهانیی یەكەمی لەخۆ گرتووە كە لەلایەن باڵوێز و كۆنسوولەكانی ئەو سەردەمەی بریتانیا لە شوێنە جۆراوجۆرەوەكانی جیهانەوە دەسكەوتوون و كۆ كراونەتەوە.

ئەو كتێبە مێژوویی و بەڵگەنامەییە لەبارەی هەموو رێبەر، شۆڕشەكانی كورد لە سەدەی بیستەم گەلێك زانیاریی گرینگ و بەرفراوانی خستۆتە روو.

ـ دوكتۆر كەماڵ مەزهەر ئەحمەد مێژوونووسی بەتوانای كورد ساڵی ١٩٣٧ لە شاری سلێمانی لەدایك بووە.
ـ لە ئاكادیمیای زانستیی یەكەیەتیی سۆڤەیت دوكتۆرای وەرگرتووە.
ـ لەبارەی رووداو، شۆڕش و سەردەم و و چاخە جیاوازەكانی مێژووی هاوچەرخی كورد چەندین بەرهەم و كتێبی بەنرخی بە دوو زمانی عەرەبی و كوردی نووسیوە و هەروەها چەندین كتێبی دیكەشی لە زمانەكانی دیكەوە وەرگێڕاوەتە سەر زمانی كوردی.