ئاژانسی کوردپا: نوێنەری پارێزگای ئیلام لە مەجلیس رایگەیاند: ئاسەوارە مێژووییەکانی پارێزگای ئیلام بەرەوڕووی لەناو چوون بوونەتەوە.

"ئەحمەد شوهانی" نوێنەری پارێزگای ئیلام ئاماژەی بەوەش دا، کە ئاسەوارە مێژووییەکانی پارێزگای ئیلام دەبێ وەک سەرمایەی میللی بێنە ئەژمار و پێویستە بپارێزرێن و لە دەستی هەلپەرستان بەدوور بن.

لەدرێژەدا ئاماژەی بە فێر کردنی باڵا و بەشەکانی ئاسەوارناسی کرد و گوتی: دەبێ هەلێک بڕەخسێ کە خوێندکاران لە پەنای خوێندنی تیۆری لە بوارەکانی ئاسەوارناسیدا، لە نزیکیشەوە ئاسەوارە مێژووییەکان ببینن و بیانناسن.

نوێنەری پارێزگای ئیلام لە مەجلیس ئاماژەی بەوەش دا: لێکۆڵینەوەی مەیدانی لە ئاسەوارە مێژووییەکان ئەو بوارە دەڕەخسێنێ کە نهێنییە مێژووییەکانی ئەو ئاسەوارانە کە هەتا ئێستا بە نەناسراوی و شاراوەیی ماونەتەوە، بناسرێن و ئاشکرا بکرێن.

ئەحمەد شوهانی جەختی لەسەر ئەوەش کردەوە، زانیارییەکانی ئاسەوارناسی دەبێ لە ناو لاپەڕەی کتێبەکاندا بن و نابێ بە شاراوەیی بمێننەوە و پێویستە خوێندکارانی ئاسەوارناسی زیاتر گرینگی بە ئاسەوارەکانی ئەو ناوچەیە بدەن و زیاتر لێکۆڵێنەوەی مەیدانی و پراکتیکی لەو بارەیەوە بکەن.