ئاژانسی كوردپا: دوكتۆر قوتبەدین سادقی دوو بەرهەمی شانۆیی "یادەوەرییەكم نەبوو تەنانەت گەر هەزار ساڵیشم با" و "مەكبەس" لە مانگەكانی گەلاوێژ و رەزبەری ئەمساڵ لە دوو تەلاری حافز و ئێرانشار نمایش دەكات.
هەواڵدەریی كوردپرێس بڵاوی كردەوە، دوكتۆر سادقی وێڕای ئاماژە بە پرۆڤە و راهێنانی ئەكتەران، رایگەیاند: "یادەوەرییەكم نەبوو تەنانەت گەر هەزار ساڵیشم با" بەرهەمی دەورگێڕانی كۆمەڵێك ئەكتەری لاو و خوێندكارە و بڕیارە لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی شانۆی فەجریشدا نمایش بكرێت.

دوكتۆر سادقی ئاماژەی بەوەش كرد، بۆ شانۆی مەكبەس هەوڵ دراوە لە ئابسترەو كات و سات و دەقە شكسپیریەكەی داببرێت و خۆی لە فورمێكی ئەمرۆییدا ببینێتەوە.
دەرهێنەری گەورەی كوردی شانۆی ئێران، ئەوەشی زیادیش كردووە: لە شانۆی "مەكبەس"دا ئەكتەرانێكی پڕۆفێشناڵی وەك "میكاییل شارستانی، مستەفا عەبدوڵڵاهی، كازم هەژیر ئازاد، ناسر ئاشووری، كەرامەت رووساز و ئەشكان جنابی" دەور دەگێڕن.
شانۆی "یادەوەرییەكم نەبوو تەنانەت گەر هەزار ساڵیشم با" لە ڕۆژانی 22ی گەلاوێژ، لە تەلاری حافز و شانۆی "مەكبەس" رێكەوتی 15ی رەزبەری ئەمساڵ لە هۆڵی سەمەندەرییان لە تەلاری ئێرانشار نمایش دەكرێن.





