ئاژانسی كوردپا: گۆڕی بە كۆمەڵی 40 كەس لە پەنابەران لەلایەن دانیشتوانی ئاواییەكانی چوار ستون و دشوان لە ناوچەی سەلماس، لە نزیك سنووری ئێران ـ توركیە بینرایەوە.
بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، هاووڵاتیانی ئاواییەكانی "چوارستون" سەر بە بەخشی مەركەزی و "دشوان"ی سەر بە بەخشی كوهسار ئەو گۆڕە بە كۆمەڵەیان دۆزیوەتەوە.
یەكێك لە شایەتحالان بە هەواڵنێری كوردپای راگەیاندووە، دوابەدوای دۆزینەوەی ئەو گۆڕە بە كۆمەڵە، هێزە نیزامییەكان پێشیان بە هاووڵاتیان گرتووە و خەڵكیان لەو شوێنە دوور كردۆتەوە.
ئەو شایەتحاڵە لەو باوەڕەدایە ئەو پەنابەرانە زۆربەیان خەڵكی ئەفغانستان، پاكستان و ئێرانن كە ویستویانە بە شێوەی نایاسایی لە وڵاتی ئێرانەوە بچنە توركیە.
هەر ئەو هاووڵاتییە وتوویەتی، ئەو پەنابەرانە لەلایەن هێزە نیزامییەكانی حكوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە كوژراون.





