ئاژانسی كوردپا: لە حاڵی حازردا هێزە نیزامی ـ ئینتزامییەكانی حكوومەتی ئیسلامیی ئێران لە ناوچەی تەرگەوەڕ سەرجەم شوێنە سنوورییەكانیان داخستووە و پێشیان بە كاسبیی كۆڵبەران و كاسبكاران گرتووە.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، سەرەڕای پێشگیریی حكوومەت لە كاسبیی هاووڵاتییان، ماوەیەكیشە دیاردەی دزینی ئەسپی بارهەڵگری كاسبكارانیش رووی لە زیادبوون كردووە.
شایەتحاڵان لەزاری كۆڵبەر و كاسبكارانەوە ئاشكرایان كردووە: "ئێمە لە ترسی ئەوەی كە ئەسپەكانمان لێ نەدزن شەوانە لەلایان دەخەوین".
پێشتریش لە مانگەكانی رابردوودا بنكە و پاسگا ئینتزامییەكانی حكوومەتی ئیسلامیی ئێران، بە زۆر بەڵێنامەیەكیان بە كۆڵبەر و كاسبكاران واژۆ كردووە كە نابێ نزیكی سنوورەكان ببنەوە.
لەو بەڵێننامەیەدا جیا لە كەسی واژۆكەر ناو و شوناسی تەواوی بنەماڵە و كەس وكاری سەرپەرستی بنەماڵەشی تێدایە و دەبێ ئەو كەسە نەتەنیا لە بەرامبەر هەرچەشنە رووداوێكدا كە بۆ خۆی و بنەماڵەكەی كە ناویان لەو لیستە دایە و دێتە پێش، بەرپرسیار بێت، بەڵكوو هێزی ئینتزامی و دەزگا حكوومەتییەكان لە بەرامبەر كوشتنیدا بەرپرسیار نین.





