ئاژانسی كوردپا: نزیك بە 100 كرێكاری بەنداوی خاكیی "زێویە" لە كامیاران ماوەی 4 مانگە لەلایەن لێپرسراوانەوە مووچەیان پێنەدراوە.
بەپێی هەواڵی "كۆمیتەی هەماهەنگی بۆ پێكهێنانی دامەزراوە كرێكارییەكان" نزیك بە 100 كرێكاری بەنداوی خاكیی زێویە لە نزیك كامیاران ماوەی 4 مانگە مووچەیان پێنەدراوە.
بەنداوی خاكیی زێویە لە 20 كیلۆمیتریی باكووری رۆژئاوای كامیاران هەڵكەوتووە و لە ساڵی 1384ەوە ئەو پڕۆژەیە بە بەڵێندەریی "شیركەتی جیهادی نەسر" دەستی پێكردووە.
لە ماوەی ساڵانی رابردوودا پڕۆژەی سازكردنی بەنداو (خاكی و بتونی) لە پارێزگاكانی رۆژئاوای ئێران و بەتایبەت "پارێزگای كوردستان" بە شێوەیەكی بەربڵاو دەستی پێكردووە و تەنیا لەم پارێزگایە زیاتر لە 10 بەنداو لە حاڵی ساز كردن دان.
بە وتەی چالاكانی كرێكاری و ماڵپەڕی رێكخراوە كرێكارییەكان رەوشی ژیان و مووچەی كرێكارانی كورد لەو بەنداوانە لە دۆخێكی خراپ دایە و شەپۆلی لەكار دەركردنیان لە سەرەتای ئەمساڵەوە دەستی پێكردووە.
بەپێی ئاماری تۆمار كراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا لە ماوەی 4 مانگی رابردوودا تەنیا لە دوو بەنداوی ژاوە لە ناوچەی ژاوەرۆی سنە و بەنداوی "داریان" لە دەورووبەری پاوە 280 كرێكاری كورد لەسەر كار دەكراون.





