ئاژانسی كوردپا: پەرتووكی "تاڤگەی ئەڤین" وەرگێڕاوی سەرجەم غەزەڵەكانی دیوانی حافز شیرازی بە زمانی كوردی كە لەلایەن "مەلا عومەر ساڵحی ساحێب" شاعیری سەقزییەوە وەرگێڕاوەتە سەر زمانی كوردی و چاپ و بڵاو كرایەوە.
بەپێی هەواڵی هەواڵنێریی سەقز، ئەم پەرتووكە پتر لە ١٠٠٠ لاپەڕەیە و هاوكاریی بڵاوكراوەی "زانستگای كوردستان"ی شاری سنە لە چاپ دراوە و ویراستاری سەقزی "رەزا یادگارنوین" وەك هەڵەگر و نویسیار لە نووسینەوەی ئەم كتێبەدا بەشداری كردووە.
ئەوەی لەم بەرهەمەدا گرینگە لە کۆتایی هەر غەزەلێکدا مامۆستا عومەر بۆ خۆی یەک بەیتی بە هەمان شێواز و بیرۆکەی حافز و بە نازناوی "کۆلیل" بە شێعرەکان زیاد کردووە.
پەرتووكی "تاڤگەی ئەوین" لە ١۵٠٠ بەرگدا لە چاپ دراوە و لە چەند رۆژی رابردوودا هاتۆتە ناو بازاڕی كتێبخانەی كوردییەوە.
پێشتریش لە دەیەی ٧٠ی هەتاوی مامۆستا عەباس حەقیقی شاعێری كۆچكردووی خەڵكی بۆكان 100 غەزەلی حافزی وەرگێڕاوەتە سەر زمانی كوردی.
ـ مامۆستا عومەر ساڵحی ساحیب (كۆلیل) ساڵی 1324ی هەتاوی لە گوندی "دایە سلێمان"ی سەر بە بەخشی زێویە لە شاری سەقز لەدایك بووە.
ـ مامۆستایەكی ئایینیی ناودار و شاعێرێكی ناسكە خەیاڵە.
ـ هەتا ئێستا دوو بەرهەمی دیكەی بەناوەكانی " لە هەر چیمەنێ دیمەنێ و دوو بەیتییە كوردییەكان" لە بواری شێعردا چاپ و بڵاو كردۆتەوە.
وێنه: ماڵپهڕی سهقزئاوا





