ئاژانسی كوردپا: ئەمڕۆ 24مین ساڵڕۆژی بۆمبارانی شیمیایی سێ‌ گوندی زەردە لە شاری داڵاهۆ، دیرە لە شاری سەرپێل زەهاو و "سەرمیل"ی سەر بە شاری گیلانغەربە كە لەلایەن حكوومەتی بەعسەوە بۆردومان كران.

به‌پێی زاینارییەكان 24 ساڵ لەمەوبەر و رێكەوتی 31ی پووشپەڕی ساڵی 1367ی هەتاوی كۆمەڵێك لە خەڵكی گوندی "زەردە"ی سەر بە شاری داڵاهۆ لە پارێزگای كرماشان و دەورووبەری بۆ تەواف لە مەزارگەی "بابا یادگار" یەكێك لە پێڕەوانی ئایینی یارسان لەو گوندە كۆ ببوونەوە، لەلایەن فڕۆكەكانی حكوومەتی و بەعسەوە بۆمبیی شیماییان بەسەردا بارێنرا و زیاتر لە 270 كەس دەستبەجێ‌ گیانیان لەدەست دا.

زۆربەی قوربانیان ژن و منداڵ بوون و بەپێی زانیارییەكان تەنیا 45 كەسیان خەڵكی گوندی زەردە بوون و ئەوانی دیكە خەڵكی دەوروبەر بوون.

بە وتەی دانیشتوان و شایەتحاڵان ئێستا بەشێكی زۆر لە دانیشتوانی ئەو گوندە كەم ئەندام و برینداری شیمیایین و ئاسەرواری بەسەر خەڵك و نەوەكانی ئەمڕۆشەوە ماوەتەوە كە رێژەی برینداران دەگاتە 1400 كەس.

ئاوایی زەردە سەر بە شاری داڵاهۆیە لە پارێزگای كرماشان و لەسەر سنووری عێراق هەڵكەوتووە و نزیك بە 2 هەزار كەس حەشیمەتی هەیە.

ساڵەكانی 66 و 67 كە نزیك كۆتایی هاتنی شەڕی ئێران ـ عێراق بوو، جیا لە شاری سەردەشت، 17 رەشەممەی ساڵی 1366 شاری پیرانشار، شاری نۆدشە سێ‌ جار و لە رێكەوتەكانی 26ی رەشەممەی ساڵی 1366 و بۆ جاری دووەم و سێیەم رێكەوتەكانی 3 و 13ی خاكەلێوەی ساڵی 1367 بۆمبارانی شیمیایی كراوە و هەروەها 31ی پووشپەڕی ساڵی 67یش سێ‌ گوندی "زەردە، سەرمیل و دیرە"ش لە پارێزگای كرماشان لەلایەن حكوومەتی رووخاوی بەعسەوە بۆمبارانی شیمیایی كراون كە رێژەیەكی بەرچاو لە خەڵك بوونەتە قوربانی، بەڵام هەتا ئێستا وەك پێویست ئاوڕیان لێنەدراوەتەوە و كێشەكانیان چارەوسەر نەكراون.