ئاژانسی كوردپا: وەزیری بەرگریی وڵاتی ئیسرائیل رایگەیاند، ئەگەر بێت و حكوومەتی سووریە مووشەك و چەكە شیمیاییەكانی رادەستی حیزبوڵڵای لوبنان بكات، هێرشی نیزامی دەكەینە سەر ئەو حكوومەتە.
"ئەیهوود باراك" رایگەیاند، لەم بارەوە هێزە ئەرتشییەكانی ئیسرائیل مەشق و راهێنانی نیزامیان پێكراوە و لە ئامادە باشی تەواو دان.
ئەیهوود باراك وتیشی: "هەر كاتێك بزانین حكوومەتی سووریە بەرەو رووخان دەڕوات، هێزەكانمان رەوانەی ئەو وڵاتە دەكەین و هەوڵ دەدەین و ئارامی و ئاسایش دابین بكەین.

هەر لەو پێوەندییەدا ماوەیەك لەمەوبەر "موشە یعلون" جێگری سەرۆك وەزیری ئیسرائیل وتبووی: هەتا ئێستا حكوومەتی بەشار ئەسەد چەكەكانی رادەستی حیزبوڵڵا نەكردووە و ئەگەر بێت و بیكات ئێمە دژكردەوەمان دەبێت.
پێشتریش رۆژنامەی "نیویورك تایمز" بڵاوی كردبووە، دوای دانیشتنی بەرپرسانی ئەمریكا و ئیسرائیل، لێپرسراونی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا دژایەتییان لەگەڵ هێرشی نیزامیی ئیسرائیل بۆ سەر سووریە كردبوو.





