ئاژاسی كوردپا: سووتانی دارستانەكانی ئاوایی "ئەسپەرێز" لە ناوچەی هەورامان و مەریوان درێژەی هەیە.
بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، ئەو ئاگر كەوتنەوەیە بۆ ماوەی چەند رۆژە كە دارستانەكانی "پردی مەلا و مەریاوە"ی گرتۆتەوە.
شایەتحاڵێك بە هەواڵنێری كوردپای راگەیاندووە، دارستانەكانی ئەو ناوچانە بە خێرایەكی زۆرەوە لە ئاگردا دەسووتێن و لە ئەنجامی ئەو ئاگركەوتنەوەیەدا خەسارێكی زۆری ماڵی بەر ئاژەڵدارانی ناوچەكە كەوتووە.
هەر لەو پێوەندییەدا ئەنجومەنی سەوزی چیا هەوڵێكی زۆری داوە كەلە رێگای كورتە نامەوە هاووڵاتییان ئاگادار بكاتەوە و پێش بە پەرەسەندنی ئاگرەكە بگرن، بەڵام هەوڵەكانیان هیچ ئەنجامێكی نەبووە.
لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا ئاگرگرتنی دارستان و لێڕەوارەكانی ناوچە كوردنشینەكانی ئێران و بەتایبەت دەورووبەری مەریوان، بۆتە دیاردەیەك و سروشتی كوردستانی خستۆتە مەترسییەوە.
ماوەیەك لەمەوبەریش دارستانەكانی نزیك ئاوایی "حەسەن ئاوا" هەڵكەوتوو لە نیوان جادەی سەقز ـ مەریوان ئاگری تێبەر بوو.
بە وتەی دانیشتوانی گوندی "هانەگەرمەڵە"ی سەر بە شاری نەوسوود رۆژی هەینیی رابرودوو شاخ و كوێستانەكانی دەورووبەری ئەو گوندە لەلایەن هێزە ئینتزامییەكانی جێگیر لە پاسگای سنووریی ئاوێسەرەوە ئاگری تێبەر دراوە.
بە وتەی شایەتحاڵان پانتایی ئاگرەكە بە رادەیەك بووە كە لەلای رۆژهەڵاتی شاری مەریوانەوە ئاگرەكە دیارە و تەمێكی رەش ئەو ناوچەیەی داپۆشیوە.
بەپێی هەواڵی هەواڵنێریی میهر لە ماوەی زیاتر لە یەک مانگی رابردوودا تەنیا لە شاری سەلاسی باوەجانی ١١٠ هێکتار لە لێڕەوار و دارستانەکان لە ئاگردا سووتاون.
بە وتەی بەرپرسی گشتیی سەرچاوە سروشتتییەكانی پارێزگای كرماشان، لە وەرزی بەهاردا زیاتر لە 10 حاڵەتی ئاگركەوتنەوە لە لێڕەوارەكانی كرماشان روویان داوە كە قەرەبووی زیانەكان زۆر دەخایەنێ.





