ئاژانسی كوردپا: دوو كۆڵبەری كورد لە ناوچەی دهشتی ورمێ كەوتوونەتە بەر دەستڕێژی راستەوخۆی هێزی نیزامییەكانی حكوومەت و بەو هۆیەوە بریندار بوون.
بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، لە رۆژانی رابردوودا هێزە نیزامییەكانی حكوومەت لە شاخی "سرتی خەلیل" لە ناوچەی دهشتی ورمێ كۆمەڵێك لە كۆڵبەر و كاسبكارانی كورد دەدەنە بەر دەستڕێژی راستەوخۆ و لە ئاكامدا دوو كۆڵبەر بەناوەكانی: سدیق كوڕی محەممەدسەلیم خەڵكی گوندی "نێرگی" و بەهرام كوڕی ئیسماعیل خەڵكی گوندی "رەزگە" بریندار بوون.
هەواڵنێری كوردپا لەزاری شایەتحاڵانەوە ئاشكرای كردووە، لە حاڵێكدا ئەو دوو كۆڵبەرە بریندار كراون كە پێشتر لەلایەن هێزە نیزامییەكانەوە بەرتیلیان لێسەندرابوو و بەڵێنییان پێدا بوون كە رێیان لێناگرن.
بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، رێكەوتی 19ی پووشپەڕیش دوو مێرمنداڵی كورد بەناوەكانی "جەعفەر و ئەمین عەلەم هوولی" لە ناوچەی "ئاواجخ"ی سەر بە شاری چالدوران لە پارێزگای ئازەربایجانی رۆژئاوا دوای كەوتنە كەمین، لەلایەن هێزە نیزامییەكانی ئێرانەوە دراونەتە بەر دەستڕێژی گوولە و هەر بەو هۆیەوە جەعفەر کوژراوە و "ئەمین"یش بە توندی بریندار بووە.





