كوردپا: كلیسای "حەفتەوان" كە بە یەكێك لە ئاسەوارە مێژووییەكانی ناوچەی سەلماس دێتە ئەژمار، مەترسیی لەناو چوونی لەسەرە.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، كلیسای "هەفتەوان" لە گوندی هەفتەوان هەڵكەوتووە و ئەو گوندە سەر بە بەخشی ناوەندی شارستانی سەڵماسە و لە سێكیلۆمیتریی باشووری ئەو شارە هەڵكەوتووە و ئەو گوندە خاوەنی كۆمەلێك ئاسەواری مێژووییە و كلیسای "هەفتەوان" یەكێك لەو ئاسەوارە ناسراوانەی سەڵماس و تەنانەت ئێرانیشە.

مێژووی ئەو كلیسایە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی حكوومەتی سەفەوییەكان و رێكەوتی 19ی رەشەممەی ساڵی 1380 لە ریزی ئاسەوارە میللییەكانی ئێراندا تۆمار كراوە، بەڵام سەرەڕای ئەوەش لەحاڵی حازردا دیوارەكانی ئەو كلیسایە رووخاون و مەترسیی داڕمانیان لەسەرە.
بەشێكی دیكە لە كلیساكە بەهۆی شین بوونی چەندها جۆر گژ و گیا لەسەر دیوارەكانی تەپلەكیان كردووە و لە حاڵی رووخان دان.
هۆڵێكی تایبەت كە لەناو كلیساكە هەڵكەوتووە بناغەكەی لە بەرەبەری داڕووخان دایە و پێشبینی دەكرێلە داهاتوویەكی نزیكدا كلیساكە تووشی داڕمان بێت.
لەلایەكی دیكەوە كەسانی هەلپەرست چەندین جار كەلوپەلی مێژوویی و ئاسەواری ناو كلیساكەیان دزیوە چەندین شوێنی ناو كلیساكەیان هەڵكەندووە.

بە وتەی یەكێك لە پەیڕەوانی ئایینی مەسیح لە شاری سەلمَاس، "حكوومەتی ئیسلامیی ئێران بە ئەنقەست ئاسەواری مەسیحییەكان لەناو دەبات و ئەمە تەنیا "هەفتوان" ناگرێتەوە و كلیسای ئاوایی "ئاشناك"یش لەلایەن كەسانی سەر بە حكوومەتەوە تێكدراوە و زۆر خراپتریش لەو كلیسایە، بەڵام كێهەیە كە بایەخ بەم شتانە بدات؟ یاساكانی حكوومەتی ئیسلامیی ئێران بێجگەلە یارمەتیی دان بە لەناو چوونی زیاتری ئەو ئاسەوارانە شتێكی دیكە نیە".





