كوردپا: لە رۆژانی رابردوودا لاوێكی كوردی خەڵكی بەخشی "ئەزگەلە"ی سەر بە شاری سەلاس باوەجانی لە شاخی "بەمۆ" لەسەر سنووری ئێران و هەرێمی كوردستان كەوتۆتە سەر مین و گیانی لەدەست داوە.
بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، لوقمان كوڕی حەسەن تەمەن 26 ساڵ و خەڵكی بەخشی ئەزگەلەی سەر بە شاری سەلاس باوەجانی لە پارێزگای كرماشان كەلە شاخی بەمۆ لەسەر سنووری هەرێمی كوردستان سەرقاڵی بژیوی ژیان بووە، كەوتووە بەسەر مینی چێنراودا و هەر دوو لاقی پەڕیوە و پاش ماوەیەك گیانی لەدەست داوە.
هەواڵنێری كوردپا لە درێژەدا رایگەیاندووە، پاش ئەو رووداوە، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی شارەدەیی "مەیدان"ی سەر بە شارۆچكەی دەربەندیخان تەرمەكەیان بردۆتە دەربەندیخان و لێكۆڵینەوە لەو رووداوە دەستی پێكردووە.
بەهۆی زۆریی مینی چێنراو لە ناوچە كوردنشینەكانی ئێران و بەتایبەت سەرسنوورەكان ساڵانە بەدەیان رووداوی تەقینەوەی مین روو دەدات و هاووڵاتییانی كورد كەم ئەندام یان دەبنە قوربانی.
رووداوی تەقینەوەی مین لە ناوچە كوردنشینەكان زیاتر كرێكاران، كۆڵبەران و بەتایەبت منداڵان دەگرێتەوە.

لە تازەترین حاڵەتی تەقینەوەی میندا رێكەوتی 4ی خاكەلێوەی ئەمساڵ لە گوندی "كەچەڵ میان"ی شاری سەقز بەهۆی تەقینەوەی مین دوو منداڵی كورد بەناوەكانی زانیار و سەیوان تەمەن 7 و 8 ساڵان كەم ئەندام بوون.
بەپێی ئامار و زانیارییەكان 6 میلیۆن هێكتار لە خاكی ئێران بە مین ئالوودەیە كە سەرجەم 16 میلیۆن مین لە سەرانسەری ئێران هەیە.
چوار پارێزگای كوردنشینی ئیلام، كرماشان، كوردستان و ئیلام بەهۆی هەلومەرجی تایبەت و سنووریی بوون زیاترین رێژەی مینی چێنراویان هەیە و زیاترین رووداوی مینیش لەو چوار پارێزگایە روو دەدات.





