كوردپا: دووەمین كۆنفرانسی نەتەوەیی لاوانی بەشەكانی كوردستان كە رۆژی پێنجشەممە لە شاری هەولێر دەستی پێكرد، دوێنێ هەینی رێكەوتی 26ی رەشەمە درێژەی بە كارەكانی كۆنفرانسدا و چەندین بابەت پێشكەش كران.
بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، كارەكانی دووەم رۆژی كۆنفرانس كاتژمێر 10ی سەرلە بەیانیی دەستی پێكرد كە سەرەتا كۆڕێك بۆ دوكتور نەجدەت ئاكرەیی لێكۆڵەر و مامۆستای زانستگا، لەژێر ناوی "هوشیاریی نەتەوەیی" رێكخرا.
دوكتور نەجدەت لە باسەكەیدا ئاژماژەی بەوە داوە: "ئێمەی كورد هەموومان یەك چارەنووسمان هەیە و دەبێ سیاسەتی نەتەوەییمان بە یەك ئاقاردا بڕوات، چونكە كێشەی كورد كێشەیەكی سیاسیە و دژمنان زۆریان هەوڵ داوە لەناومان بەرن".
دوكتور نەجدەت جەختی لەسەر ئەوەش كردۆتەوە: "ئەوەی كە لە گشت گرینگترە و خاڵی بەرچاوە، ئەوەیە هەموو شۆڕشەكان لەسەر دەستی لاوان بووە".
هەواڵنێری ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا لە درێژەی راپۆرتەكەیدا ئاشكرای كرد، كاتژمێر 11 بۆ رێزلێنان لە بیست و چوارەمین ساڵیادی شیمیایی بارانی هەڵەبجە، بەشدارانی کۆنفرانس بۆ ماوەی پێنج خولەك ساڵۆنی كۆنفرانسیان بەجێ هێشت و بە بێدەنگی وەستان و دواتر بە سروودی نەتەوەیی ئەی رەقیب بێدەنگیەكەیان شكاند.
دوو بابەت لەژێر "ناوی ئاسایشی نەتەویی و شۆڕشی كوردستانی سووریە" لەلایەن نوێنەرانی بەشداری كۆنفرانسەوە خوێندرانەوە و بڕگەی كۆتایی دووەمین رۆژی كۆنفرانسی نەتەوەیی لاوان بە باس كردن لەسەر چۆنیەتیی كار كردن و ئامانج و راسپاردەكانی كۆتایی کۆنفرانس كۆتایی پێهات.
دوومین كۆنفرانسی نەتەوەیی لاوانی بەشەكانی كوردستان ئەمڕۆ شەممە رێكەوتی 27ی رێبەندانیش درێژەی دەبیت و بڕیارە لە كۆتاییدا 15 خاڵ وەك راسپاردەی ئەنجامەكانی كۆنفرانس پەسند بكرێن.
كۆنفرانسی نەتەوەیی لاوانی بەشەكانی كوردستان هەر ساڵە لە بەشێكی كوردستان بەڕێوە دەچێت و کۆنفرانسی یەكەم ساڵی 1389 لە شاری ئامەد لە كوردستانی توركیە بەڕێوە چوو.





