كوردپا: كۆمیتەی هاوئاهەنگیی خەڵكی سووریە رۆژی چوارشەممە رایگەیاند، سەرەڕای بەردەوامیی سەركوت و توندوتیژییەكان لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەكانی سووریە، خۆپیشاندانە خەڵكییەكان ناوەندی دیمەشقی گرتۆتەوە.
ماڵپەڕی ئەلعەرەبیە نێت بە پشت بەستن بە راپۆرتەكانی كۆمیتەی هاوئاهەنگیی شۆڕشی خەڵكی سووریە هێزە ئەمنیەتییەكانی حكوومەتی سووریە لە "جبل الزاویە و ادلب" سەرەڕای دەستبەسەر كردنی بێ بنەمای خەڵك داوایان لێكردوون كە خەڵكی جیابۆوە لە ئەرتش بە هێزە ئەمنیەتییەكان بناسێنن و هەڕەشەیان لێكردوون ئەگەر ئەو كارە ئەنجام نەدەن، هەموو دەستبەسەر كراوان دەكوژن.
هاوكات كۆمیتەكانی هاوئاهەنگی باسیان لەوە كردووە كە شەوی پێشوو لە ناوچەكانی: ئەلكسوە، یەلدا و حبسر مسرابا، لە دەوروبەری دیمەشق لە نێوان دژبەران و هێزە ئەمنەیتییەكاندا شەڕ و تێكهەڵچوون هاتۆتە ئاراوە.
لەلایەكی دیكەشەوە لە ناوچەی "حی العسالی" خۆپیشاندانی بەرینی خەڵك بەدژی حكوومەت رووی داوە.
بەردەوامیی ئەو خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییە خەڵكییانە بۆ ناوەندی دیمەشق لە كاتێك دان كە سەركوت و توندوتیژیی هێزە ئەمنیەتییەكان بە چڕی بەردەوامە و بەتایبەت هێرش بۆ سەر شاری "رستن" لە حومس بەردەوامە و بە وتەی شایەتحاڵان بەهۆی گەمارۆی ئەرتش ئەو شارە لەگەڵ كەمیی خواردەمەنی، ئاوی خواردنەوە و دەوا و دەرمان بەرەوڕوون.





