كوردپا: زیندانییەكی سیاسی كورد لە زیندانی ناوەندیی شاری ورمێ ماوەی چوار رۆژە مانی لە خواردن گرتووە.
هەواڵدەریی هرانا بڵاوی كردەوە، جەعفەر ئەفشاری بە نیشانەی ئیعتراز بە حوكمەكەی ماوەی چوار رۆژە لە بەندی 12ی زیندانی ناوەندیی ورمێ مانی لە خواردن گرتووە.
ئەو هاووڵاتییە لەلایەن دادگای ئینقلابی شاری مەهابادەوە بە تاوانی هەوڵدان بە دژی تەناهیی نەتەوەیی بە5 ساڵ زیندانی تەعزیری و دوور خستنەوە حوكم دراوە.
دوو برای دیكەی ئەو زیندانییە سیاسیە بە ناوەكانی: حەبیب ئەفشاری و عەلی ئەفشاری لەلایەن دادگای ئینقلابی شاری مەهابادەوە بە تاوانی "محاربە" بە ئیعدام مەحكووم كراون.
ماوەیەك لەمەوبەر عەلی ئەفشاری بەهۆی لێدان و كۆتان لەكاتی لێپێچینەوەدا لەلایەن لێپرسراوانی زیندانی "ورمێ"ـەوە تووشی خوێنڕێژی ببوو.
دایكی ئەو سێ زیندانیە سیاسییە بە بیستنی هەواڵی پەسند كردنی حوكمی ئیعدامی كوڕەكانی تووشی جەڵتەی دڵ بوو و لە ئەنجامدا گیانی لەدەست دا.





