ئەنیستیتۆی كوردی لە ستۆكهۆڵم شەش كتێبی تازەی چاپ كرد

13:57 - 12 خەزەڵوەر 2711
كوردپا: ئەنیستیتۆی كوردی لە ستۆكهۆڵم وەك نەریتی ساڵانە ژمارەیەك كتێب چاپ دەكات، ئەمساڵیش شەش كتێبی چاپ كردووە كە سێ لەو كتێبانە بە دیالێكتی كورمانجیی خواروو (سۆرانی)، دوویان بە كورمانجیی سەروو و كتێبێكیش بە هەردوو دیالێكتەكەیە.
بەپێی هەواڵێك كە بە ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا گەیشتووە، ئەنیستیتۆی كوردی لە ستۆكهۆڵم هەرساڵە كۆمەڵێك كتێبی كوردی چاپ و بڵاو دەكاتەوە و كە ئەمساڵیش بە چاپ كردنی شەش كتێب بە دیالكتە جیاجیاكانی كوردی خزمەتی بە كتێبخانەی كوردی كردووە.
بەم بۆنەوە ئەنیستیتۆی رێوڕەسمێكی بۆ ناساندنی كتێبەكان رێكخستووە.

لەبەرئەوەی دوو كەس لە نووسەرانی كتێبەكان لە سوێد ناژین، بۆیە چوار نووسەرەكەی دیكە كەلە سوێد دەژین كتێبەكانی خۆیان له رێوڕەسمێكدا دەناسێنن.

حەسەن جودی، مێژوویەك لە ئاگر، سەركان بروسك، وەرگێڕانی كتێبی \"وڵاتی ئێوارە\"، كاوە ئەمین، \"وێژە و ئەدەبی كوردی\"، هەروەها ب، وڵاتڤان \"باڤۆ بویە بۆستان\". بۆئەوەی بتوانن لەسەر ناوەرۆكی كتێبەكان زانیاری زیاتر وەربگرن و دەربارەی كتێبەكان پرسیار بكەن، رۆژی شەممە كۆبوونەیەك بۆ ناساندی كتێبەكان لە ناوەندی ئەنیستیتۆی كوردی لە ستۆكهۆڵم ڕێك دەخرێت.