یەكەم فێستیڤاڵی میللیی وێنەی "سنەدژ" لە شاری سنە بەڕێوە دەچێت

22:10 - 6 پووشپەڕ 2712
كوردپا: دامەزراوەی ئاسۆ بە هاوكاریی \"تاقیگەی چاپی وێنەی پارادیزۆ\" بە مەبەستی بە وێنەكێشانی ئێستای شاری سنە فێستێڤاڵێك لەژێر ناوی \"فێستیڤاڵی میللیی وێنەی سنەدژ\" بەڕێوە ببات.

ئارێز قادری دەبیری فێستیڤاڵ لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا وتی: \"پاش هەوڵ و تەقەلایەكی زۆر بۆ رێكخستنی فێستیڤاڵێكی وێنەیی بە مەبەستی پیشاندانی سروشت و جوانی و فەرهەنگی شاری سنە، هیچكام لە ناوەندە حكوومەتییەكان وەكوو فەرهەنگ و ئیرشاد، حەوزەی هونەری، شارەوانی و ... هیچ هاوكارییەكیان نەكردین و سەرەنجام ناچار بووین بە شێوەی خۆڕسك یەكەم فێستیڤاڵی وێنەی سنەدژ بەڕێوە ببەین\".


\"4998.jpg\"
ئارێز قادری ده‌بیری فێستیڤاڵ
دەبیری فێستیڤاڵی وێنەی سنەدژ وتیشی: \"هاوچەشنی ئەم جۆرە فێستیڤاڵە لە شارەكانی دیكەی ئێران وەكوو: مەشهەد، بیرجەند و تەورێز هەیە و ساڵانە بەڕێوە دەچێت و شێوازەكەشی بەو چەشنەیە كە سەرەتا كۆمەڵێك وێنەگر بانگهێشت دەكرێن و پاش چەند رۆژ وێنەگرتن لە شارەكان دواتر لە فێستیڤاڵێكدا دەخرێنە پێشبڕكێیەوە، بەڵام بەداخەوە شاری سنە سەرەڕای بوونی تایبەتمەندیی سروشتی، فەرهەنگی، مێژوویی و ... هێشتا لەباری ئارشیڤی وێنەگرییەوە هیچ شتێك لەبەردەستدا نیە و ناوەندە فەرهەنگییە حكوومەتییەكانیش گرینگیی پێ‌ نادەن\".

ئارێز قادری لە درێژەدا وتی: \"ئێمە لە بانگەوازێكدا داوامان لە هەموو وێنەگرانی پڕوفیشناڵ و ناوداری ئێران كردووە و بە شێوەی خۆڕسك و بە هەزینەی خۆیانەوە بێنە شاری سنە لە رۆژانی 1 و 2ی خەرماندا وێنە لەم شارە بگرن، دواتر وێنەی چل وێنەگر لەلایەن هونەرمەندی وێنەگری خەڵكی سنە \"مەسعوود مورادسەلیمی\"یەوە هەڵدەبژێردرێن و پاشان رێکه‌وتی 3ی خه‌رمانان فێستیڤاڵەكە بەڕێوە دەچێت\".

بڕیارە وێنەكان تایبەت بە شاری سنە و لە بوارەكانی: دیمەنە سەرنجڕاكێشەكانی شار، ژیانی خەڵكی شار، فەرهەنگی گشتی و خۆماڵی، بیناسازیی مێژوویی و هاوچەرخ، ناسنامە، شوێنە گشتییەكان و...دا بن.
\"4996.jpg\"
فێستیڤاڵەكە لەلایەن هونەرمەندان مەسعوود مورادسەلیمی لە سنە، موحسن راستانی و سیوا شەهباز هەر دوو لاە تارانەوە داوەری دەكرێت.

ئارێز قادری ئاماژەی بەوەش دا كە بڕیارە كۆی ئەو وێنە هەڵبژێردراوانە لە چوارچێوەی كتێبێكدا چاپ و بڵاو بكرێنەوە.

دەبیری یەكەم فێستیڤاڵی میللیی وێنەی سنەدژ ئەوەشی ئاشكرا كرد كە لە رێكەوتی 6ی پووشپەڕ كاتی تۆمار كردنی ناوی وێنەگرانی بەشدار دەست پێدەكات و هەتا رێكەوتی 3ی گەلاوێژ درێژەی دەبێت و لە رۆژانی 1 و 2ی خەرماناندا وێنەگران لە شاری سنە وێنە دەگرن و رێكەوتی 3ی خەرمانان لە پیشانگایەكدا وێنە هەڵبژێردراوەكان دەخرێنە روو و خەڵات بەسەر سەركەوتواندا دابەش دەكرێت.