ئیدارەی فەرهەنگ و ئیرشادی ورمێ ئیزنی ڕێزگرتنیان بە "عوسمانە سوور" نەدا
ئیدارەی ئیرشاد و فەرهەنگی پارێزگای ورمێ، ئیزنی بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی ڕێزگرتن لە "عوسمانە سوور"، هونەرەمەندی "نەرمەنەی" (نایە) لە شاری بۆکان نەدا.
بڕیار بووە ئیدارەی فەرهەنگ و ئیرشادی بۆکان، بۆ ڕێزگرتن لە کار و چالاکیی ئەو ئەو هونەرمەندە کوردە کە بۆ ماوەی ٦٠ ساڵە خەریکی ژەنینی نەرمەنەیە، لە هۆڵی سیمورغی بۆکان ڕێوڕەسمێک بەڕێوە ببات، بەڵام لەلایەن ئیدارەی فەرهەنگ و ئیرشادی پارێزگای ورمێوە ئیزنیان پێ نەدراوە.
هەتا ئێستا هۆکاری ئیزن نەدانی ئەو ڕێوڕەسمە لەلایەن ئیدارەی فەرهەنگ و ئیرشادی پارێزگای ورمێوە نەزانراوە.
"عوسمانە سوور" شەوی نەورۆزی ساڵی ١٣١٩ی ھەتاوی (١٩٤٠ زایینی) لە ئاوایی "ھەباساوا"ی نێوان بۆکان و میاندواو لە کوردستانی ڕۆژهەڵات لەدایک بووە.
ئەو هونەرمەندە کوردە ماوەی ٦٠ ساڵە سەرقاڵی نایەژەنییە. لەگەڵ زۆربەی هونەرمەندان بەتایبەت هونەرمەندانی بۆکان، سەقز، مهاباد و باشووری کوردستان کاری کردووە و ئێستاش بژێویی ژیانی لەسەر هونەرەکەیەتی و لە فێستیڤاڵ و ئاهەنگەکاندا نایە دەژەنێت.