کیانووش ڕۆستەمی ٢ ڕێکۆردی جیهانیی تۆمار کرد

20:47 - 12 جۆزەردان 2716
ئاژانسی کوردپا: کیانووش ڕۆستەمی، یاریزانی بەناوبانگی کوردستانی ڕۆژهەڵات، لە بواری بەرزکردنەوەی هاڵتێر توانی ٢ ڕێکۆردی نوێ بۆ خۆی تۆمار بکات.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، کیانووش ڕۆستەمی کێش هەڵگری دەستەی ٨٥ کیلۆی ئێران، توانی لە کێبڕکێکانی جامی فەجر، ڕیکۆردی بەرزکردنەوەی هاڵتێری ١٧٠ کیلۆ بە یەک جار و ١٧٥ کیلۆش بە جاری دووەم و هەروەها ڕێکۆردی بەرزکردنەوەی هاڵتێری ٢٢٠ کیلۆ بە دوو بڕگە تۆمار بکات، کە لەسەر ئاستی کێشی خۆی، لە جیهاندا بە ڕێکۆردێکی مێژوویی دێتە ئەژمار.
ناوبراو بە هەواڵدەریی \"ورزش سە\"ی وتووە: ئەوەیکە لەم کێبڕکێیانەدا بینیتان تەنیا بەشێک بوو لە تواناییەکانم و بڕیارم داوە لە کێبڕکێکانی ئۆلەمپیکدا ئەم ڕێکۆردەش بشکێنم.

ئۆلەمپیکی هاوینی ٢٠١٦ کە بە یارییەکانی ئۆلەمپیادی ٣١ یان ئۆلەمپیکی ڕیۆ دەناسرێتەوە، لە ٥ تاکوو ٢١ی مانگی ئوت لە شاری ڕیۆدۆژانیرۆی بڕێزیل بەڕێوە دەچێت.

ناوبراو کە خەڵکی کرماشانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە، لەم وتووێژەدا دەڵێ: من هیچ ڕاهێنەرێکم نیە و خۆم ڕاهێنەری خۆمم و تەنیا پشت بە تواناییەکانی خۆم دەبەستم.

شارەزایان پێیان وایە کیانوش ڕۆستەمی ئەگەری زۆرە بتوانێ مێداڵیای جیهانیی ئەم کێبڕکێیانە وەدەست بێنێت.