کانوونی نووسەرانی ئێران بۆ ڕووحانی: لە باتی قسەی زل کردەوەت هەبێ

14:49 - 25 بانەمەڕ 2716
ئاژانسی کوردپا: کانوونی نووسەرانی ئێران لە نامەیەکدا بۆ حەسەن ڕووحانی ڕەخنەیان لە بەردەوامیی ڕەوتی سانسۆڕەکان گرت و ڕایانگەیاند کە؛ ڕووحانی دەبێ بە کردەوە بیسەلمێنێ داکۆکیکاری ئازادییە.

لەم نامە سەرئاوەڵایەی کانوونی نووسەراندا، باس لە قسەکانی سەرکۆماری حکوومەتی ئیسلامی لە پیشانگای کتێبی \"شهر آفتاب\" کراوە کە گووتبووی؛ دەبێ مافی ڕێگەدان بۆ بڵاوکردنەوەی کتێب بە ئەنجومەنی نووسەران یان دەزگاکانی چاپ بدرێت، نەک لە لایەن کارگێڕێکی حکوومەتییەوە بڕیار بۆ چاپ کردن یان چاپ نەکردنی بدرێت.

بەپێی ڕاپۆرتی \"کەمپەینی نێونەتەوەیی مافەکانی مرۆڤ\"، لە دوا پیشانگای کتێبدا لە تاران، لانیکەم ٣٢٠ کتێب لە لایەن وەزارەتی ئیرشادەوە لەم پیشانگایە کۆکراونەتەوە کە ئەمە دەرخەری بوونی سانسۆڕی سیستماتیک و ئاشکرایە.

لەم ڕاگەیەندراوەی کانوندا هاتووە: ڕێگە بە بەشداریی کۆمەڵێک بەرهەم لە شاعێران، نووسەران و وەرگێڕان لەم پێشانگایە نەدرا و سەدان بەرگ کتێبی فارسی و بیانی لە ڕۆژانی یەکەمی پێشانگاکەدا کۆکرانەوە.

لە بەشێکی دیکەی ئەم نامەیەدا هاتووە: بڵاوکردنەوەی کتێب لە ژێر چاوەدێریی ڕاستەوخۆی دەزگای بەڕێوەبەریی و خودی سەرکۆمارە. ئەگەر حەسەن ڕووحانی بە ڕاستی خوازیاری \"ئەمنیەت و ئازادیی\" نوسەرانە، دەبێ پاش قسەکانی بە کردەوەش بیسەلمێنێ کە هەنگاو بۆ ئازادیی بیرکردنەوە و دەربڕین هەڵدێنێتەوە.