ژیان و چالاكیی هونەریی شوان پەروەر لە قەوارەی كتێبێكدا چاپ كرا

15:35 - 8 پووشپەڕ 2712
كوردپا: ژیاننامەی شوان پەروەر هونەرمەندی ناوداری كورد لە ئەستەمبۆڵی توركیە لە دووتوێی كتێبێكدا بە زاراوەی كرمانجیی سەروو لەلایەن بڵاوگەی نەوبەهارەوە چاپ و بڵاو كرایەوە.

ئاژانس و ناوەندەكانی هەواڵ بڵاویان كردەوە \"شوان پەروەر ئەفسانەی زیندوو\"، ناوی كتێبێكی 329 لاپەڕەییە لە نووسین و ئامادە كردنی \"عەبدوڵڵا ئینجەكەن\" كە بەرهەمی سی وتووێژی جیاوازە لەگەڵ شوان پەروەر لە قۆناغە جیاجیاكانی تەمەنیدا.

لەو كتێبەدا جیا لە دیمانەكان لەگەڵ شوان پەروەر، بیرەوەریی چەندین كەسایەتیی سیاسیی كورد بۆ وێنە مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەمەڕ چۆنیەتیی ئاشنایەتی و دیداری لەگەڵ شوان پەروەر گونجێنراوە و هەروەها 24 لاپەڕە لەو كتێبە بۆ وێنەكانی تەرخان كراوە.

\"5021.jpg\"
شوان پەروەر هونەرمەندی گۆرانبێژی ناوداری كورد خەڵكی شاری كوردنشینی ئورفا (روحا)ی كوردستانی توركیەیە كە زیاتر لە سێ‌ دەیەیە لە بواری گۆرانی و مۆسیقای كوردیدا چالاكە و لە دەیەی 80ی زایینی بەهۆی چالاكییە سیاسییەكانی بە ناچاری وڵاتی توركیەی بەجێ‌ هێشتووە پاش چەندین ساڵ نیشتەجێ‌ بوون لە ئاڵمان ئێستا دانیشتووی هەرێمی كوردستانە و لە كاناڵی تەلەفیزیۆنیی كورد 1 كار دەكات.

شوان پەروەر یەكێك لە هونەرمەندە رەسەن و دەروەستەكانی كوردە كە هێندێك لە سروودە نیشتمانییەكانی كاریگەریی زۆریان لەسەر هەستی نیشتمانپەروەریی كۆمەڵگای كوردستان و بەتایبەت لاوانی كورد هەبووە.