ڕەخنەی مامۆستایانی ئایینی ئێران لە پەرەپێدانی زمانی ئینگلیسی

16:20 - 18 بانەمەڕ 2716
ئاژانسی کوردپا: مامۆستایانی ئایینی ڕێژیمی ئێران لە نوێژی هەینی‌دا، سەبارەت بە پەرەپێدان بە زمانی ئینگلیسی لەو وڵاتە هەڵوێستیان گرت.

بە پێی هەواڵە بڵاوبووەکان، ڕۆژی ١٧ی بانەمەڕ، مامۆستایانی ئایینی لە شارە جۆراوجۆرەکانی ئێران، سەبارەت بە زمانی ئینگلیسی و پرەپێدان بەم زمانە، ڕخنەی توندیان گرت. بەپێی ئەو هەواڵە، مامۆستایانی ئایینی ڕایانگەیاندووە کە لەسەر بنەمای وتەکانی ڕێبەری ئێران، بایەخدان بەم زمانە دزە کردنی خۆرئاوایە لە ئێراندا.

محەممەد مێهدی حسێنی‌هەمەدانی، ئیمام جومعەی کەرەج لەم پەیوەندییەدا ڕایگەیاندووە کە؛ \"ئیستیکبار لە ڕێگای دنیای مەجازی و ئینتێرنێت و ماهوارەوە بە شوێن وێرانکردنی کولتووری وڵاتەکەمانەوەن\"

لە شاری قەزوێنیش ئیمام جومعەی ئەم شارە، باسی لە گۆڕینی خەت و زمان لە دەورانی شادا کردووە و ڕایگەیاندووە کە؛ شا بە دوای گۆڕینی شوناسی خاڵکەوە بوو، ئێستاش هەر ئەو کەسانە خوازیاری بایەخدان بە زمانی ئینگلیسین بە مەبەستی دزە کردنی دوژمنان لە ئێراندا.

لە درێژەدا مێهدی قوڕەێشی، نوێنەری ویلایەتی فەقیهـ لە ئازەربایجانی غەربی و ئیمام جومعەی ئەم شارە، ڕایگەیاندووە؛ \"باوکردنی کولتووری خۆرئاوایی و خۆرئاواچییەتی، دەبێ پارێزی لێ بکرێت. هەر ئەو جۆرە کە لە وڵاتانی خۆرئاوایی لە پرەپێدان بە زمانی فارسی پارێز دەکرێت\".

سەرۆک کۆماری ڕێژیمی ئێران حەسەن ڕووحانی، ڕایگەیاندووە کە؛ \"کامە زمان و چەندە زمانی بیانی فێر بوون، پەیوەندیی بە ڕەخساندنی هەلومەرجەکان و ڕێژەی مامۆستاکان و شارەزا بوونیان بە زمانە جۆراوجۆرەکانی بیانی هەیە و خەڵکیش دەبێ بەپێی خواستی خۆیان خوازیاری هەڵبژاردنی زمانە بیانییەکان و چەندە فێر بوونی زمانەکان بن\".