ڕێگری لە کۆنسێرتی کەیهان کەلهوڕ لە شاری نەیشابوور کرا

21:57 - 21 بانەمەڕ 2716
ئاژانسی کوردپا: کۆنسێرتی کەیهان کەلهوڕ لە شاری نەیشابووری سەر بە پارێزگای مەشهەد، بە بڕیاری دادستانی ئەو شارە هەڵوەشێنرایەوە.

هەواڵدەریی ئیسنا لەو بارەیەوە بڵاوی کردەوە، یەکەمین کۆنسێرت لە کۆی کۆنسێرتەکانی کەیهانی کەلهوڕ لەگەڵ گرووپەکەی لە شاری نەیشابوور هەڵوەشێنرایەوە.

ڕێکخەری کۆنسێرتەکانی کەیهان کەلهوڕ، لە وتوێژێکدا لەگەڵ هەواڵدەریی ئیسنا، هەڵوشانەوەی ئەو کۆنسێرتەی لە شاری نەیشابوور پشتڕاست کردەوە.

ڕێگری کردن لە بەڕێوەچوونی ئەو کۆنسێرتە لەگەڵ ئەوەدایە کە سەرجەمی موڵەتە پێویستەکان بۆ بەڕێوەچوونی ئەو کۆنسێرتە لە لایەن شوورای تەئمینی ئوستان و ئیدارەی ئەماکن و وەزارەتی ئیرشادەوە درابوو.

هەروەها لە کۆنووسی شوواری تەئمینی ئوستاندا، ڕەزامەندی لە سەر بەڕێوەچوونی ئەو کۆنسێرتە درابوو، بەڵام بە هۆی بڕیاری دادستانی شاری نەیشابوور، ئەو کۆنسێرەتە هەڵوەشێنرایەوە.

بڕیار بوو بۆ ماوەی دوو شەو، ئەو کۆنسێرتە لەو شارە بەڕێوە بچێت.

بڕیار وابوو کەیهان کەلهوڕ لە ڕێکەوتی ٢٤ی بانەمەڕ لە پارێزگای یەزد، ٢٥ و ٢٦، لە ساڵونی \"انتظار\" ی شاری کرماشان و هەروەها لە ٢٧ی بانەمەڕ، لە شاری خوڕەمئاوای پارێزگای لوڕستان کونسێرت بەڕیوە ببات.

پێشتریش لە ساڵی ١٣٩٤ی هەتاوی‌دا، دەفتەری موسیقا و وەزارەتی ئیرشاد، موڵەتیان بە کەیهان کەلهوڕ و گرووپی \"بروکلین ڕایدر\" بۆ بەڕێوە بردنی کۆنسێرت نەدابوو.

وەزیری ئیرشاد عەلی جنتی دوای ماوەیەک لە هەڵوەشانەوەی کۆنسێرتی کەیهان کەلهوڕ لەگەڵ گرووپی بروکلین ڕایدر، گوتبووی، هێندێک لە پارێزگاکان و هێزە ئینتزامییەکان لە بەڕێوەچوونی ئەو کۆنسێرتانە پشتیوانیان کرد و نەیانهێشت هەڵبوەشێتەوە، بەڵام هێندێک لە\" عناصر ذی نفوذ\" لە بەڕێوەچوونی ئەو کونسێرتانە دەستێوەردانیان کرد.

کەیهان کەلهوڕ لە ساڵی ١٣٤٢ی هەتاوی، لە بنەماڵەیەکی کرماشانی لە تاران لە دایکبوو و خوێندنی لە بەشی ئاوازدانەری لە زانکۆی کارلتن ئوتاوا تەواو کردووە.