ڕێوڕەسمێک بۆ ناساندنی کتێبی \"زیلانە\" لە سەقز بەڕێوە چوو

21:56 - 9 بانەمەڕ 2716
ئاژانسی کوردپا: ڕێوڕەسمێک بۆ ناساندنی کتێبێکی شێعریی تایبەت بە منداڵان، لە سەقز بەڕێوە چوو.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی کوردپا، ڕۆژی چوار‌شەممە، کۆمەڵێ لە شاعێران و چالاکانی کولتووری و ئەدەبیی شاری سەقز، لە ڕێوڕەسمێکدا بۆ ناساندنی کتێبێکی شێعریی منداڵان بە ناوی \"زیلانە\" بەرهەمی شاعیرێکی کەم تەمەن ڕێز گیرا.

\"اوین\"زیلانە\" کە بریتیە لە ١٠ شێعری کوردی، لە لایەن \"ئەوین میکاییلی\" تەمەن ١٢ ساڵ نووسراوە و لە لایەن دەزگای چاپەمەنیی \"گووتار\"ەوە چاپ و بڵاو کراوەتەوە. تێچووی ئەم بەرهەمە ئەدەبییە لە لایەن بنەماڵەی ئەم نووسەرە مێرمنداڵەوە دابین کراوە.

لەم ڕێوڕەسمەدا،\"ئیبراهیم ئێسماعیلپوور\" شاعیر و نووسەری کورد سەبارەت بەم کتێبە ڕایگەیاند: \"تاکو ئێستا شاعیر و نووسەرە کوردەکان بۆ منداڵان بەرهەمی زۆریان داوەتە دەرێ، بەڵام زیلانە بە دەستی منداڵێک نووسراوە و ئەوە جێی سەرنجە و جیاوازی بەم کتێبە دەدات\".

لەم پێوەندییەدا \"عەبدولڕەحمان فەهیمی\" نووسەرێکی دیکەی شاری سەقز، بۆ ڕێزگرتن لەم بەرهەمە ئەدەبییە گوتی: \"زیلانە بەرهەمێکی باشە لە بازنەی ئەدەبی منداڵاندا کە دەتوانێ هیوابەخشی ئامادەبوونی منداڵان بێت لە بیاڤی بەرهەمەکانی تایبەت بە منداڵان لە داهاتوودا\".

کتێبی زیلانە لە ١٢ لاپەڕەی رەنگی پێکهاتووە و نیگارکێشیی و ڕووبەرگی ئەم کتێبە لە لەیەن \"ژیلا میکاییلی\"ەوە لە مانگی سەرماوەزدا جێبەجێ کراوە.
شایانی باسە دایک و باوکی ئەوین میکائیلی بۆخۆیشیان لە بیاڤی ئەدەبی کوردیدا چالاکییان هەیە.