نزیكەی150 نووسەر و پسپۆڕی كورد و بیانی بەشداری پڕۆژەی "ئێنسكلۆپیدیای كوردستان"ن

21:01 - 10 جۆزەردان 2712
كوردپا: بەپرسی پڕۆژەی \"ئێنسكلۆپیدیای كوردستان\" رایگەیاند: ئەو پڕۆژە نەتەوەییە كە سەرجەم 11 بەرگە، تێیدا نزیك بە 150 نووسەر، پسپۆڕ، مامۆستا و پڕۆفیسۆری بوارە جیاجیاكان كاری تێدا دەكەن.

دوكتۆر جەبار قادر لە وتووێژێكی تایبەتدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا رایگەیاند: \"ئەم پڕۆژەیە پڕۆژەیەكی كۆنە و سەرەتاكەی بۆ كۆتایی دەیەی 60ی هەتاوی (1990ی زایینی) دەگەڕێتەوە كەلە ئورووپا كۆمەڵێكی زۆر لە پسپۆڕانی كورد و بیانی كاریان لەسەر كردووە، بەڵام دوای ئەوەی لەوێ‌ جێبەجێ‌ نەكرا، هێنامانەوە كوردستان و لە چوارچێوەی \"ئاكادیمیای كوردی\"دا كارەكانی درێژە پێ‌ دەدەین\".

بەرپرسی پڕۆژەی ئێنسكلۆپیدیای كوردستان وتیشی: \"لێژنەیەكی بۆ پێكهێنراوە كە هەموویان پسپۆڕ، دوكتۆر، پڕۆفیسۆر و یاریدەدەری پڕۆفیسۆرن و لە بوارەكانی: مێژوو، زمان، ئەدەب، جوغرافیا، سیاسەت كە سەرجەم بابەت و زانیارییەكانی كورد و كوردستان لەخۆ دەگرێت و زیادیشی كرد، كە پڕۆژەكە لە مانگی بانەمەڕی 1390ی هەتاوی (مەی 2011ی زایینی) بە فەرمی دەستی پێكردووە و دەبێ‌ لە ماوەی پێنج ساڵدا پڕۆژەكە كە سەرجەم 10 بەرگ و نزیك بە 5 هەزار لاپەڕەیە، بگاتە ئەنجام\".

دوكتۆر جەبار قادر ئاماژەی بەوەش كرد كە\"حكوومەتی هەرێمی كوردستان ساڵانە بوودجەی 50 هەزار دۆلاری بۆ تەرخان كردووە كەلە ساڵی یەكەمدا تەنیا لەو بڕە پارەیە هەشت هەزار دۆلارمان خەرج كرد و پاشماوەكەیمان گەڕاندمانەوە بۆ خەزێنەی حكوومەت و ئێستاش بۆمان گەڕاوەتەوە و كۆمەڵێك خەڵك رۆژانە بەردەوام سەرقاڵی راپەڕاندنی كارەكانی ئەم پڕۆژەیەن\".
\"4711.jpg\"
دوكتۆر جەبار قادر لە درێژەی لێدوانەكەیدا بۆ ئاژانسی كوردپا لەمەڕ سەرچاوەكانی ئەو پڕۆژەیە ئاشكرای كرد: \" نزیكەی 20 هەزار سەرچاوەی ناخۆیی و بیانی بۆ ئەم پڕۆژەیە بەكار هێنراون و نزیكەی 150 پسپۆڕ و نووسەری شارەزا بەشدارییان تێدا كردووە و بەردەوامن\".

بەرپرسی پڕۆژەی ئێنسكلۆپیدیای كوردستان ئەوەشی زیاد كرد كە\"ئەم پڕۆژەیە پڕۆژەیەكی نەتەوەییە و لەو پڕۆژانەیە كەلە هەموو وڵاتێك پرۆسەی نەتەوەی لەسەر بنیات دەنرێت و هی سەرجەم كوردستانە و زانیاری، داب و نەریت، بیروباوەڕ، مێژوو، سیایەت، ئەدەب، جوغرافیا، عەشیرە و هۆزەكان، كەسایەتییە ناودارەكانی كورد و تایبەتمەندیی تەواوی ئەو شوێنانەی كە كوردی تێدایە و تەنانەت كوردانی دەرەوەی بەشە جیاجیاكانی كوردستانیش لەخۆ دەگرێت، بۆ وێنە لەسەر كوردەكانی خوراسان، قەزاقستان، ئەرمەنستان و ... شوێنەكانی دیكەش كار دەكرێت\".

دوكتور جەبا قادر ئاماژەی بەوەش دا جیا لە نووسەر و پسپۆڕ و شارەزایانی ناوخۆیی كە لەم پڕۆژەیەدا بەشدارن، كۆمەڵێكی بەرچاو لە رۆژهەڵاتناس و بەتایبەت كوردناسە بیانییەكان پێوەندییان پێوە كراوە و بە چەند رێكارێك لەم پڕۆژەیەدا لەگەڵمان هاوكارن، بۆ وێنە لە وڵاتانی رووسیە، فەرانسە، كانادا، توركیە، ئێران، بریتانیا و ئیتالیا و... كوردناسان هاوكارمانن و بڕیاریان داوە زانیاریی پێویست و توێژینەوەی ورد بۆ ئەم مەبەستە ئەنجام بدەن.