ناوەندەکانی مافی مرۆڤ خوازیاری بەدواداچوون لە سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکانی ئێرانن

11:10 - 26 سەرماوەز 2719

ئاژانسی کوردپا: ٢٤ ناوەند و ڕێکخراوی مافی مرۆیی، بە بڵاوکردنەوەی نامەیەکی هاوبەش ڕوو لە "شورای مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان"، خوازیاری لێکۆڵینەوەیەکی سەربەخۆ بەنیسبەت سەرکوتکردنی کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکانی مانگی خەزەڵوەر لە ئێران بوون.

ئەو ٢٤ ناوەندە مافی مرۆییە، بە ئاماژەدان بە بەربڵاویی سەرکوتکردنی کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکانی مانگی خەزەڵوەری ئەمساڵ لە ئێران و دەسبەسەرکردنی ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتییانی ناڕازی، ئەگەری لەسێدارەدانی هەندێک لە دەسبەسەرکراوەکان لە ئارادایە.

لەو نامە هاوبەشەی ڕێکخراوە مافی مرۆییەکان، باس لە دوایین ئاماری کوژراوەکان لەلایەن ڕێکخراوی لێبووردنی نێونەتەوەیی، لە هەمبەر ناڕەزایەتییەکان لە ئێران کردووە کە ڕۆژی دووشەممە، ڕێکخراوی لێبووردنی نێونەتەوەیی لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاندووە، تەنیا لە ماوەی ٣ ڕۆژدا، ٣٠٤ کەس لە هاووڵاتییانی ناڕازی کوژران.

هەروەها ڕێکخراوی لێبووردنی نێونەتەوەیی لە ڕاپۆرتی ڕۆژی دووشەممە  ئاماژەی بە دەسبەسەرکراوەکان کرد کە لەلایەن مەئموورانی ئەمنییەتییەوە ئازار و ئەشکەنجە کراون.