مانگرتنی زیندانییانی سیاسی بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە سەردانی کاترین ئەشتۆن بۆ ئێران

14:11 - 18 رەشەمه 2713
ئاژانسی کوردپا: ژمارەیەک لەزیندانیانی سیاسیی گرتووخانی رەجایی شاری کەرەج بەهۆی \" کەمتەرخەمیی رۆژئاوا لەهەمبەر کارنامەی مافی مرۆڤ\"ـی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران مانگرتنیان راگەیاند.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە ئەمڕۆ یەکشەممە رێکەوتی ١٨‌ی رەشەممەوە، ١٢ زیندانیی سیاسیی دەستبەسەر لەناو زیندانەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بۆ ماوەی سێ‌ رۆژ مان لە خواردن دەگرن.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە ناو زیندانی رەجایی شاری کەرەج، هۆکاری ئەو ناڕەزایەتی و مانگرتنەی زیندانیانی سیاسی بەم شێوەیە بۆ ئاژانسی کوردپا باس کرد، \" زیندانیانی سیاسیی لەئێران بە تایبەت زیندانیانی رەجایی شار لەمەڕ سەفەری لێپرسراوی سیاسەتی دەرەوەی یەکیەتیی ئورووپا بۆ تاران نیگەران و ناڕازین\".

\"18667.jpg\"
سەرچاوەکە گوتیشی: \" سەردانی خانمی ئەشتۆن بۆ ئێران نیشانەی کەمتەرخەمی و ناکارامەبوونی رۆژئاوا لە هەمبەر کارنامەی رەشی مافی مرۆڤی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران دایە\".

ئەو ١٢ چالاکە سیاسییە کەلە بەندی ٤‌ی ساڵۆنی ١٢‌ی رەجایی شاری کەرەج‌دان، رادەگەیەنن: کە یەکیەتیی ئورووپا بە نیسبەت بەڵێنییە ئینسانی و مافی مرۆڤییەکان و بە پشتیوانییە راشکاو و نەهێنییەکانی لە کۆماری ئیسلامیی، دوو لایەنە هەڵسوکەوت دەکات.

کاترین ئەشتۆن کە هاوکات نوێنەری ٦ وڵاتی زڵهێزی جیهانی بۆ دانوستانی بەرنامەی ناوکیی لەگەڵ ئێرانیشە، رۆژی شەممە رێکەوتی ١٧‌ی رەشەمە لەگەڵ هەیئەتێکی سیاسی ـ ئابووری و لەسەر بانگهێشتی وەزیری دەرەوەی ئێران سەردانی ئەو وڵاتەی کرد.

ناوی ئەو ١٢ زیندانییە سیاسییەی گرتووخانەی رەجایی‌شاری کەرەج کە لە رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ١٨‌ی رەشەممەوە مانگرتنیان راگەیاندووە بریتین لە:

بێهنام ئیبراهیم‌زادە، محەممەد بەنازادە ئەمیر خیزی، حەمیدرەزا بورهانی، محەممەد گواهی، ئەفشین حەیرەتیان، خالید حەردانی، شاهرۆخ زەمانی، ساڵح کۆهەندێل، ئارەش محەممەدی، عەلی مووسەوی، محەممەدعەلی مەنسووری و ناسێح یووسفی.