\"ماسی \"ی بەرهەمی دەرهێنەری کورد خەڵاتی نێونەتەوەیی فابریانۆی پێ بڕا

22:21 - 11 جۆزەردان 2716
ئاژانسی کوردپا: دەرهێنەرێکی خەڵکی شاری سەقز خەڵاتی فێستیڤاڵی کورتە فیلمی \"فابریانۆ\"ی تەمەن ژێر ٢٥ ساڵی، بۆ فیلمی \"ماسی\" بۆ خۆی دەستەبەر کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، بەرهەمی دەرهێنەری لاو، سامان حوسێن پوور، لە چوارەمین فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی کورتە فیلمی فابریانۆی وڵاتی ئیتالیا خەڵاتی بەدەست هێنا.

چیرۆکی فیلمی ماسی باس لە پیرەپیاوێک و پیرەژنێک دەکات کە لەگەڵ کەمبوونی ئاو بەرەوڕوون.

ساڵی ڕابردوویش هەر لەو فێستیڤاڵەدا، کورتە فیلمی \"باڵاخانەی مێروولەکان\" لە دەرهێنەریی سینماکارێکی کوردی خەڵکی شاری مەریوان بە ناوی \"تەوفیق ئەڵماسی\"، لە بەشی سناریۆدا، ڕێزی لێ نرا.

سامان حوسێن‏پوور، هەتا ئێستا سێ کورتە فیلمی بەرهەم هێناوە و یارمەتیدەر و بەشدار بووە لە بەشە جۆراوجۆرەکانی دروستکردنی زیاتر لە ٢٠ کورتە فیلمی دیکەدا.

سامان حوسین‏پوور لەدایکبووی ساڵی ١٣٧١ی هەتاوییە لە شاری سەقز و لە تەمەنی ١٤ساڵییەوە دەستی بە کاری شانۆیی کردووە و هەر لەو تەمەنەشدا چالاکییەکانی خۆی لە بواری سینماییەوە دەست ‏پێ‌کردووە.