لە بۆکان پیشانگایەکی شێوەکاری کرایەوە

21:25 - 3 خاکەلێوه 2713
ئاژانسی کوردپا: بۆ بەرزراگرتنی یادی نەورۆز و سەری ساڵی نوێی کوردی پیشانگایەکی شێوەکاری لە شاری بۆکان کرایەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، \"هێمنی قارەمانی\" هونەرمەندی خەڵکی شاری بۆکان، لەو پیشانگایەدا کۆمەڵێک بەرهەمی هونەریی وەک: وێنەگەری و شێوەکاری تێدا نمایش دەکات.

ماوەی چەندین ساڵە لە لایەن هونەرمەندانی کورد بۆ پێشوازی کردن لە ساڵی نوێی کوردی وەک نەریتێکی ساڵانە پێشانگای لەم چەشنە لە شاری بۆکان دەکرێتەوە.

ئەو پیشانگایە لە ٢٧ی رەشەمەوە کراوەتەوە و هەتا 7ی خاکەلێوە بە ڕووی ئۆگرانی هونەری وێنەگری و شێوەکاریدا کراوە دەبێت.

\"11715.jpg\"
هاوکات لە شاری بۆکان فەرهەنگ، داب و نەریتی ناوچە کوردنشینەکانی ئێران لە قاڵبی پیشانگایەکدا و لە بەرهەمەکانی \"عوسمان رەحمان‌زادە\" کرایەوە.

لەو پیشانگایەدا، ١٦٠٠ بەرهەمی دەستیی \"عوسمان رەحمانزادە\" بە نێوەرۆکی ژیانی رۆژانەی خەڵکی ناوچە کوردنشینەکانی ئێران، نمایش دەکرێن.

هاوکات لەو پێشانگایەدا، کارەساتی شیمیاباران کردنی هەڵەبجە لە قاڵبی پەیکەردا پیشان ئەدرێت.

عوسمان رەحمانزادە دانێشتووی گوندی \"ناچیت\"ی سەربە شاری بۆکان و ساڵی ١٣٣٥ی هەتاوی لە گوندی \"حەمامیان\"ی سەربە ئەو شارە لە دایک بووە.

ناوبراو لە تەمەنی ١٠ ساڵییەوە رووی لە هونەری پەیکەر دروست کردن کردووە و هەتا ئێستا ١٦٠٠ بەرهەمی خولقاندووە و لە زۆربەی شارەکانی وەک: ئیسفەهان، کرمان، شیراز، ورمێ، سنە، سیستان و بەلوچستان، کرماشان و هەروەها لە هەرێمی کوردستانیش نمایش کراون.