لاوێکی بۆکانی لە ئەنجامی راوەدوونانی هێزەکانی \"ئەماکن\" گیانی لەدەست‌ دا

13:40 - 19 رەشەمه 2713
ئاژانسی کوردپا: لاوێکی کورد لە ترسی هێزەکانی سەر بە ئیدارەی \"ئەماکن\"‌ی شاری بۆکان لەنزیک پارکی ساحیلی ئەو شارە خۆی خستۆتە ناو ئاوەوە و بەو هۆیەوە کۆتایی بەژیانی هات.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، شەوی ١٧ی رەشەمە کەسێک بەناوی مەهدی عەبدوڵڵاهی، تەمەن ٢٤ ساڵ و کوڕی محەممەد لەترسی هێزەکانی سەربە ئەماکینی شاری بۆکان خۆی خستۆتە ناو چۆمی ئەو شارەوە و بەو هۆیەوە لە ئاودا خنکا.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، مەهدی عەبدوڵڵاهی کە بە \" مەهدی پاتۆڵ\" ناسرابوو لەدەزگای قەزایی شاری بۆکان پەروەندەی بۆ دروست کرابوو.

سەرچاوەکە ئەوەشی خستەڕوو، هێزەکانی ئەماکین لەکاتی دەستبەسەرکردنی مەهدی لەپارکی ساحلیی داویانەتە بەرلێدان پێ‌کردووە و ئەویش لەترسی گیانی لەدەستیان هەڵاتووە.

بنەماڵە و دۆستانی ئەو لاوە کوردە، تەرمەکەیان لە نزیک پارکی ساحیلی شاری بۆکان دۆزیوەتەوە.

بەپێی ئەو وێنە و گرتە ڤیدیۆییانەی کە بڵاو بوونەتەوە، هێزە ئینتزامی و لیباس شەخسییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە کاتی دەستبەسەر کردنی هاووڵاتییان، بە بیانووی جۆراوجۆرەوە نەشیاوترین هەڵسووکەوتیان لەگەڵدا دەکەن.

هەروەها بەپێی ئەو راپۆرتانەی کە لە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا بڵاو بوونەتەوە، هەتا ئێستا چەندن هاووڵاتی لە کاتی دەستبەسەر کراندا لەلایەن ‌هێزە حکوومەتییەکانەوە بە توندترین شێوە بەرەوڕووی لێدان و ئەشکەنجە دەبنەوە و زۆر جاریش هاووڵاتییان لە ئەنجامی هەڵسووکەوتی ئەو هێزانەدا گیان لەدەست ئەدەن.