سەندیکای پارێزەرانی هەولێر، لەمەڕ بڕیاری دەزگای قەزایی ورمێ هەڵوێستی نواند

21:26 - 22 رەشەمه 2713
ئاژانسی کوردپا: هەڵپەساردنی مۆڵەتی یەکێک لە پارێزەرە کوردەکانی خەڵکی ورمێ، پەرچە کرداری سەندیکای پارێزەرانی کوردستان – لقی هەولێری لێکەوتەوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ سەندیکای پارێزەرانی کوردستان – لقی هەولێر لە بەیاننامەیەکدا بڕیاری هەڵپەساردنی مۆڵەتی پارێزەریی \"مەسعوود شەمس‌نژاد\"ی مەحکووم کردووە و بە پێچەوانەی یاسای پارێزەریەتیی لە قەڵەمی داوە.

ئەیاد کاکەیی لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی کوردپا؛ وێڕای پشتڕاست کردنەوەی ئەم هەواڵە، راگەیاند: هەڵپەساردنی مۆڵەتی پاریزەریی پاریزەرێکی کورد لە ئێران، لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانەوەو بەبێ ئاگاداریی مەسعوود شەمس نژاد، بە تواوەتی مەحکوومە.

\"18789.jpg\"
ئەیاد کاکەیی، بەپرسی سەندیکای پارێزەرانی هەرێمی کوردستان – لقی هەولێر
بەپرسی سەندیکای پارێزەرانی هەرێمی کوردستان – لقی هەولێر، گوتیشی: رەوتی ئاسایی ئەم حاڵەتانە تەنیا لە رێگەی سەندیکای پارێزەرانی خۆیەوە دەبێت و بە شێوەی نووسراوی فەرمی ئاگادار دەکرێتەوە، کە بەپێی بەڵگە و سکاڵا دەبێ ئەو حوکمەی لەسەر بدرێت و هیچ ناوەندیکی دیکە مافی دەستێوەردانی لە کاروباری سەندیکای پارێزەراندا نییە.

ئەو پارێزەرە کوردە گوتیشی بەناوی سەرجەم پاریزەرانی هەولێر داوای هەڵوەشانەوەی مەسعوود شەمس‌نژاد دەکەین و پشتیوانیی پارێزەرانی هەرێمی کوردستان لە مەسعوود شەمس‌نژاد رادەگەیەنین.

ئەیاد کاکەیی لە ولامی پرسیارێکدا، کە هەڵوێستی سەندیکای پارێزەرانی هەرێمی کوردستان لە داهاتوودا چ دەبێت گوتی: \" ئێمە لە ئێستادا چاوەڕوانی دەکەین و بە دڵنیاییەوە هەڵوێستی ئێمە لە چوارچێوەی دەرکردنی بەیاننامەیەکدا نامێنێتەوە و هەڵویستی دیکە دەنوێنین\".

حوکمی هەڵپەساردنی مۆلەتی پارێزەریی مەسعوود شەمس‌نژاد رێکەوتی ١٥ی رەشەمە، لەلایەن دادستانی گشتیی ئوستانی ئازەربایجانی رۆژئاوا و لە رێگەی هێزە ئینتزامییەکانەوە بەو پارێزەرە کوردە راگەیاندرا.

پێشتر مەسعوود شەمس نژاد لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی کوردپا؛ رایگەیاند: لە کاتێدا بڕیار بوو پارێزەریی پەروەندەی مەرگی شەیدا حاتەمی کچە خوێندکاری زانکۆی نازلووی ورمێ بە ئەستۆ بگرم، لەلایەن هێز ئینتزامییەوە نامەیەکی دادستانی گشتیی ئوستانی ئازەربایجانی رۆژئاوام بەدەست گەیشت، کە هەتا \"اطلاع ثانوی\" مافی پارێزەریم نییە.

هەروەها ئەو ئەو پارێزەرە کوردە لە لاپەڕەی تایبەتیی خۆی لە فەیسبووکیش بڵاوی کردۆتەوە؛ \"بەم هۆیەوە داوای لێبوردن لەو کەسانە دەکەم کە چاوەڕوانی هەڵوێستی من لەمەڕ دەرکەوتنی راستییەکان بوون، بۆیە داوا لە بنەماڵەی بەڕێزی حاتەمی دەکەم بە یارمەتیی پارێزەرە ماندوونەناسەکانی دیکە لە راستای جێبەجێ ئیجرای عەداڵەتدا هەنگاو هەڵبگرن\".

مەسعوود شەمس‌نژاد رێکەوتی ١٩ی بانەمەڕی ساڵی ١٣٩٢ی هەتاوی لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەستبەسەر کراو رێکەوتی ٢٣ی جۆزەردان، پاش ٣٤ رۆژ لە دەستبەسەری بەدانانی بارمتەی ١ میلیارد تمەنی لە زیندان ئازاد کرا. 

مەسعوود شەمس نژاد بەهۆی بە ئەستۆ گرتنی پارێزەریی پەروەندەی حبیبوڵڵا گوڵپەری‌پوور، عەلی و حەبیبوڵڵا ئەفشاریان بە ئەندامەتی لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئیسلامیی ئێراندا تاوانبار کراوە.