سەرکەوتنێکی دیکەی وەرزشی بۆ کوردستان تۆمار کرا

20:53 - 13 بانەمەڕ 2716
ئاژانسی کوردپا: لە کێبڕکێکانی ڕاکردن، \"فەرەحناز ڕایزەن\" توانی ٢ مێداڵیای زێڕ و زیو بۆ خۆی مسۆگەر بکات.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ فەرەحناز ڕایزەن کچە وەرزشکاری کورد، توانی بە سەر ڕکەبەرەکانیدا سەر بکەوێت و لە کێبڕکێکانی قارەمانەتی ئێران، بەشی ژنان، پلەکانی یەکەم و دووهەم لە ٢ مادەی ئەم وەرزشە، بۆ خۆی مسۆگەر بکات.

لەم کێبڕکێیانەدا کە لە ڕۆژانی ١٠ و١١ی بانەمەڕ لە شیراز بەڕێوەچوو، ناوبراو لە مادەی ٣ هەزار میتردا، پێش لە ڕکەبەرەکانی بە هێڵی کۆتایی گەیشت و مێداڵی زێڕی لە مل کرد. هەروەها لە مادەی ١٥٠٠ میتردا، پلەی دووهەمی وەدەست هێنا و مێداڵی زیوی لە مل کرد.

فەرەحناز ڕایزەن لە دایک بووی ١٣٧٤ی شاری مەریوانە کە تا ئێستا چەندین پلەی سەرکەوتنی لە بواری ڕاکردن وەدەست هێناوە و هەنووکە بە یەکێک لە وەرزشکارە دیارەکانی ئەم شارە بە ئەژمار دێت.