سینەماكارێكی كورد بە دوو فیلم بەشداری دوو فێستیڤاڵی جیهانی دەكات

15:08 - 17 پووشپەڕ 2712
کوردپا: سینەماكاری لاوی كورد كەیوان كەریمی، بە دوو فیلمی دیكیۆمێنتی بەشداری لە دوو فێستیڤاڵی جیهانی دەكات.

ئاژانسی هەواڵی پەیامنێر بڵاوی كردەوە، كورتە فیلمی دیكیۆمێنتی \"سنووری شكاو\" لە دەرهێنانی كەریمی، لەم مانگەدا، بەشداری لە فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی \"پارنۆ\"دا دەكات.
\"5155.jpg\"
فێستیڤالی فیلمی پارنۆ، تایبەتە بە فیلمی دیكیۆمێنتی لە بواری كۆمەڵناسیدا، لە رۆژانی 17ی پووشپەڕ هەتا 1ی گەلاوێژ، لە شاری پارنۆ لە ئێستۆنی بەڕێوە دەچێت.

\"سنووری شكاو\" بەسەرهاتی ئەو كەسانە دەگێڕێتەوە كە لەسەر سنوورەكانی كوردستاندا كار دەكەن.

ئەم بەرهەمە لەلایەن كۆمپانیای ستاك فیلمی سنە، لەسەر ئاستی جیهاندا كاری بڵاوكردنەوەی بۆ دەكرێت.

\"5154.jpg\"
ئەم فیلمە هەتا ئێستا لە چەندین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی لە ئیتالیا، بولغارستان، ئۆرۆگوئە، یۆنان و چەندین فێستیڤاڵی دیكە بەشداریی كردووە.

لە لایەكی دیكەوە دەرهێنەر بە نوێترین فیلمی دیكیۆمێنتی خۆی بە ناوی \"ACT\"، لە 14هەمین فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی \"پانارۆما سیتی\" بەشداری دەكات.

ئەم فێستیڤاڵە لە رۆژانی 10 هەتا 19ی رەزبەری 1391 ی هەتاوی (1 هەتا 10ی ئۆكتۆبر 2012ی زایینی)، لە شاری پاتراس لە یۆنان بەڕێوە دەچێت.

ـ كەیوان كەریمی تەمەن 27 ساڵ و لە دایك بووی شاری بانەیە.
ـ خاوەن بڕوانامەی لیسانسی راگەیاندنە لە زانكۆی تاران، ئێستاش سەرقاڵی ئامادەكردنی فیلمێكی دیكەی دیكیۆمێنتییە.