سووکایەتی هێزی ئینتزامی بە زمانی کوردی و هەڵوێستی ئەنستیتۆی کورمانجی زانکۆکانی ورمێ

13:53 - 22 رەشەمه 2713
ئاژانسی کوردپا: هێنانە خوارەوەی تابلۆی کوردیی دووکان و شیرکەتەکانی ئوستانی ئازەربایجانی رۆژئاوا لەلایەن هێزە ئینتزامییەکانەوە، ناڕەزایەتیی ئەنستیۆی کورمانجی زانکۆکانی ورمێی لێکەوتەوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ لە رۆژانی رابردوودا هێزە ئینتزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە زۆربەی شارەکانی ئوستانی ئازەربایجانی رۆژئاوا و بەتایبەت لە شاری ورمێ، وێڕای هێنانە خوارەوەی تابلۆی ئەو دووکان و شیرکەتانەی کە بە زمانی کوردی نووسرابوون، هۆشدارییان بە خاوەنەکانیشان داوە.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئینتزامییەکان بە خاوەن دووکانەکانیان راگەیاندووە؛ کە دەبێ لەسەر تابلۆی دووکانەکانیان ناوی ئازەری یان زمانی فارسی بنووسرێت و لە ئەگەری سەرپێچی کردن لەو بڕیارە، بەرەوڕووی لێپرسینەوە و حوکمی دەزگای قەزایی دەبنەوە.

ئەم کردەوەیەی هێزی ئینتزامیی ئوستانی ئازەربایجانی رۆژئاوا ناڕەزایەتیی لای خاوەن دووکان و شیرکەتەکانی ئەو ئوستانە دروست کردووە و ئەم کردوەیەی هێزی ئینتزامییان بە سووکایەتی ئاشکرا بە زمانی کوردی لە قەلەم داوە.

\"18769.jpg\"
لەو پەیوەندییەدا ئەنستیتۆی کورمانج لە زانکۆی ورمێ لە بەیاننامەیەکدا، ئەم هەڵوێست و کردەوەیەی بە هێرش کردن بۆ سەر ئینسانییەت و بە کارێکی داگیرکەرانە لە هەمبەر هاووڵاتییانی کوردا لە قەلەمی داوە.

لە بەیاننامەکەشدا هاتووە؛ ئەگەر کوردەکان خۆیان بە ئێرانی بزانن و ئەگەریش دەوڵەت ئەوان بە ئێران لە قەڵەمیان بدات، ئەمە تەنیا شانۆیەک بۆ کاتی هەڵبژاردنەکانە، کە دوای هەڵبژاردنەکان هاوولاتیانی کورد بە \"تەجزیە تەڵەب (جیایی خواز)، و خەیانەتکار ناودێریان دەکەن.

لە درێژەی بەیاننامەکەشدا نووسراوە؛ ئاخۆ کەی رەوایە ئەو مافەی کە بەپێی یاسای خۆیان بە ئێمەیان داوە، بەڵام ئێمەی لێ بێبەری بکەن؟ ئەی ئەو هەموو هات و هاوارەی کە بۆ نووسینەوەی کتێبە دەرسیەکان بە زمانەکانی دیکەی جگە لە فارسی وەڕێتان خستبوو، چی لێهات و بۆ کوێ چوو؟

ئەنستیتۆی کورمانج لە کۆتاییدا رایگەیاندووە، داوا لە حەسەن رۆحانی و حکوومەتی ئیسلامیی ئێران دەکەین بەدواداچوون بۆ ئەم مەسەلەیە بکات، چونکە ئەم هەڵوێستەی هێزە ئینتزامییەکان ناڕەزایەتیی بەرینی خەڵک بەدوای خۆیدا دێنێت و هەر جۆرە پاشهاتێکی ئەم ئاکارەی هێزی ئینتزامی، لە ئەستۆی شەخسی یەکەمی حکوومەتی ئیسلامی واتە سەید عەلی خامنەیی و سەرکۆماری دڵخوازی رێبەری حکوومەتی ئیسلامی دەبێت.