دەیەمین خولی فێستیڤاڵی چیرۆكی سەراسەریی بانە دەستی پێكرد

16:43 - 14 پووشپەڕ 2712
كوردپا: دەیەمین خولی فێستیڤاڵی چیرۆكی سەراسەریی بانە، بە بەشداریی 850 چیرۆكی كوردی و فارسی لە سەراسەری ئێرانەوە ئەمڕۆ چوارشەممە لە شاری بانە دەستی پێكرد.

محەممەدسدیق كەریمپوور دەبیری بەڕێوەبەریی فێستێڤاڵی سەراسەریی چیرۆكی بانە لە لێدوانێکی تایبەتدا بە ئاژانسی کوردپای راگەیاند، ئەم ئەم فێستیڤاڵە كەلە چوار بەشی كوردی و فارسی، بەشی ئازاد، لاوەکی و منداڵان و مێرمنداڵان لەلایەن بنكەی ئەدەبی، فەرهەنگی و هونەریی بانە (بەڕۆژە)ەوە بەڕێوە دەچێت، كاتژمێر 9ی سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ بە بەشداریی چیرۆكنووس و رەخنەگرانی كورد و فارس دەیەمین خولی خۆی دەست پێكرد.
\"5102.jpg\"
كەریمپوور ئاماژەی بەوەش كرد كە پاش بڵاوبوونەوەی بانگەوازی فێستیڤاڵ جیالە وتار و بەشی لاوەكی و منداڵان، 850 چیرۆك لە دوو بەشی كوردی و فارسیدا گەیشتوونەتە بەشی پێشبڕكی و لەلایەن لێژنەی داوەرانەوە 20 چیرۆكی كوردی، 20 چیرۆكی فارسی و لە دوو بەشی لاوەكیدا 30 چیرۆك و هەروەها لەشی وتاریشدا چەندین وتار هەڵبژێردراون كە پێشكەش دەكرێن و هەركام لە چیرۆك و وتارە كوردی و فارسییەكان بە جیا لەلایەن دوو لێژنەی پسپۆڕ و رەخنەگری فارس و كوردەوە هەڵدەسەنگرێن.

\"5103.jpg\"
دەبیری بەڕێوەبەریی دەیەمین خولی فێستیڤاڵی سەراسەریی بانە وتیشی لایەنی بەرجەستەی ئەم خولەی فێستیڤاڵ، بەشی ئازادە بە جەخت كردن لەسەر گرینگیی كورتە چیرۆك و هەروەها گرینگی دانە بە چیرۆكی منداڵان و مێرمنداڵان.

كەریمپوور ئاماژەی بەوەش كرد كە فێستیڤاڵی سەراسەری چیرۆكی بانە ماوەی سێ‌ رۆژ دەخایەنێت و رۆژی هەینی رێكەوتی 16ی پووشپەڕ دەخایەنێت و لە كۆتاییدا سەركەوتوان دیاری و خەڵاتیان بەسەردا دەكرێت.