دەستنێشانکردنی شارەداری پاوە بەبێ پرسی شۆراکان، نارەزایەتیی لێکەوتەوە

19:27 - 21 رەشەمه 2713
ئاژانسی کوردپا: پاش ئەوەی چەندین مانگ شارەوانیی شاری پاوە بێ بەرپرس مابوویەوە، سەرئەنجام بەبێ رەزامەندیی ئەندامانی شۆرا و بە دەستێوەردانی ناوەندە ئەمنییەکان کەسێک وەکوو شارەدار بۆ ئەو شارە دەستنیشان کرا.

لەو پەیوەندییەدا سێ کەس لە ئەندامانی شۆرای شاری پاوە لە نامەیەکی سەرئاوەڵادا روو لە بەرپرسی کارووباری عۆمرانیی ئوستانداری کرماشان ناڕەزایەتیی خۆیان بە نیسبەت ئەو هەڵوێستە دەربڕیوە و بە کارێکی بەدەر لە چوارچیوەی یاسا لە قەڵەمیان داوە.

پیشتریش ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران باسی لە \"دەستێوەردانی ناوەندە ئەمنییەکان و نوێنەریی وەلی فەقێ\" لەو شارەدا هەوالێکی بڵاو کردبوویەوە.

ماڵپەڕی کوردستان میدیا نووسیبووی؛ بەرپرسی شارەوانیی شاری پاوە بەدەستێوەردانی راستەوخۆی مەلا قادر قادری و بەبێ پرسی ئەندامانی شۆرای ئەو شارە دەستنیشان کراوە.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری پاوە رایگەیاند؛ دەستنیشانکردنی سەلام خوسرەوی وەکوو بەرپرسی شارەداریی پاوە، شەپۆلێکی بەینی نارەزایەتیی لای دانیشتوانی شارەکە دروست کردووە.

هاووڵاتییانی پاوەیی هۆکاری ناڕازی بوونی خۆیان بۆ بێ ئەزموونیی سەلام خوسرەوی لە شارەوانیدا و هەروەها بەستراوەیی ناوبراو بۆ دەزگا ئەمنییەکانی ئەو شارە دەگەڕێننەوە.

حەیدەر ئیسلامی‌نیا یەکێک لە ئەندامانی شۆرای ئەو شارە لە نامەیەکی جیادا، کە لە ماڵپەڕەکانی ئەو شارەدا بڵاوی کردۆتەوە، هێندێک لەو پەیوەندییەدا هێندێک روونکردنەوەی خستۆتەڕوو.