دەزگای قەزایی ورمێ مۆڵەتی پارێزەریی پارێزەرێکی کوردی هەڵپەسارد

16:08 - 21 رەشەمه 2713
ئاژانسی کوردپا: پارێزەرێکی کوردی خەڵکی شاری ورمێ لەلایەن دەزگای قەزایی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە، مۆڵەتی پارێزەرییەکەی هەڵپەسێردرا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ مەسعوود شەمس نژاد پارێزەری کوردی خەڵکی شاری ورمێ لە کاتێکدا ویستوویەتی پارێزەریی پەروەندەی مەرگی گوماناویی شەیدا حاتەمی بە ئەستۆ بگرێت، لە نامەیەکدا پێی راگەیاندراوە، کە بۆ ماوەیەکی نادیار ئیزنی بە ئوستۆ گرتنی پارێزەریی هیچ پەروەندەیەکی نییە.

\"18739.jpg\"
مەسعوود شەمس نژاد پارێزەری کوردبۆ ماوەیەکی نادیار ئیزنی بە ئوستۆ گرتنی پارێزەریی هیچ پەروەندەیەکی نییە
ئەو پارێزەرە کوردە لە لێدوانێکی تەلەفۆنیدا بۆ هەواڵنێری کوردپا ئەم هەواڵەی پشڕاست کردەوە، کەلە کاتێدا ویستوویەتی پارێزەریی پەروەندەی مەرگی شەیدا حاتەمی کچە خوێندکاری زانکۆی نازلووی ورمێ بە ئەستۆ بگرێت، لەلایەن هێز ئینتزامییەوە نامەیەکی دادستانی گشتیی ئوستانی ئازەربایجانی رۆژئاوای بەدەست گەیشتووە، کە هەتا \"اطلاع ثانوی\" مافی پارێزەریی نییە.

شەیدا حاتەمی، تەمەن ٢٤ ساڵ و خوێندکاری کارناسیی باڵا و خوێندکاری رشتەی \"زەوی ناسی\"ی زانکۆی نازلووی ورمێ، رێکەوتی ١٠ی رەشەمە بە شێوەی گوماناوی لە خەوتنگەی ئەو زانکۆیەدا گیانی لەدەست دا، کە دۆستان و کەسووکاری کچە خوێندکاری کورد لە زانکۆی نازلووی ورمێ، هەتا ئێستاش پێداگری لە سەر کوژرانی بە ئەنقەستی شەیدا حاتەمی دەکەن.

هەروەها ئەو ئەو پارێزەرە کوردە لە لاپەڕەی تایبەتیی خۆی لە فەیسبووکیش بڵاوی کردۆتەوە؛ \"بەم هۆیەوە داوای لێبوردن لەو کەسانە دەکەم کە چاوەڕوانی هەڵوێستی من لەمەڕ دەرکەوتنی راستییەکان بوون، بۆیە داوا لە بنەماڵەی بەڕێزی حاتەمی دەکەم بە یارمەتیی پارێزەرە ماندوونەناسەکانی دیکە لە راستای جێبەجێ ئیجرای عەداڵەتدا هەنگاو هەڵبگرن\".

مەسعوود شەمس‌نژاد رێکەوتی ١٩ی بانەمەڕی ساڵی ١٣٩٢ی هەتاوی لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەستبەسەر کراو رێکەوتی ٢٣ی جۆزەردان، پاش ٣٤ رۆژ لە دەستبەسەری بە دانانی بارمتەی ١ میلیارد تمەنی لە زیندان ئازاد کرا.

مەسعوود شەمس نژاد بەهۆی بە ئەستۆ گرتنی پارێزەریی پەروەندەی حبیبوڵڵا گوڵپەری‌پوور، عەلی و حەبیبوڵڵا ئەفشاریان بە ئەندامەتی لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئیسلامیی ئێراندا تاوانبار کراوە.