دوو سەرکەوتنی وەرزشیی دیکە لە لایەن لاوانی کوردەوە تۆمار کرا

16:01 - 3 جۆزەردان 2716
ئاژانسی کوردپا: \"جەمیلە محەممەدی\" ڕێکۆردی \"دمبل جلوبازو\"ی ئێرانی بەناوی خۆی تۆمار کرد و ماردین پیرزەهیریش توانی بەسەر شاخی کازبەکدا سەرکەوێت.

بەپێ ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ ڕێکەوتی ٣٠ی بانەمەڕ لە کۆمەڵەی وەرزشیی \"یاس\"ی تاراندا، جەمیلە محەممەدی وەرزشکاری کوردی خەڵکی شاری سنە، توانی ڕێکۆردی ٢٠ هەزار \"دمبل جلوبازو\" لە ماوەی ٤ کاتژمێر و ٣٥ خولەک بە دەمڵی ٤ کیلۆیی بۆ خۆی مسۆگەر بکات و لەم بوارەدا ببێتە یەکەمی ئێران.

هاوکات ماردین پیرزەهیری شاخەوانی کورد، خەڵکی سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان توانی لە چوارچێوەی تیمی ئۆمیددا، بەسەر بەرزترین شاخی وڵاتی گۆرجستان، شاخی کازبەک، بە بەرزی ٥٠٤٧ میتردا سەرکەوێت.

ناوبراو ماوەی ٨ ساڵە بەشێوەیەکی جیددی سەرقاڵی وەرزشی شاخەوانییە و هەنووکە یەکێکە لە ئەندامانی فەرمیی تیمی ئۆمید.