حوکمی ٤٨ مانگ زیندانیی چالاکانی فەرهەنگیی شاری پاوە پشتڕاست کرایەوە

20:18 - 22 رەشەمه 2713
ئاژانسی کوردپا: دەزگای قەزایی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە ئوستانی کرماشان، حوکمی شەش مانگ زیندانیی تەعزیری بۆ هەشت چالاکی فەرهەنگیی کورد پشتڕاست کردەوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، دادگای پێداچوونەوەی ئوستانی کرماشان حوکمی ٤٨ مانگ زیندانی ٨ چالاکی فەرهەنگی شاری پاوەی پشتراست کردەوە.

\"18772.jpg\"
حوکمی شەش مانگ زیندانیی تەعزیری ئاراس حاتەمی، گۆران بەهرامی و قانع حاتەمی پشتراست کرایه‌وه
حوکمی زیندانی ئەو حەفت چالاکە کوردە رۆژی ٢٢ی سەرماوەزی ئەمساڵ و لە لایەن دادگای ئینقلابی شاری پاوەوە دەرکرابوو.

ناوی ئەو کەسە قانع حاتەمی، موعتەسەم شافعی، جهانبەخش ئەحمەدی، بابەک عەباسی، محەممەد نیگاری، ئاراس حاتەمی و گۆران بەهرامی راگەیەندراوە، کە هەرکام بە ٦ مانگ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کراون.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو مەسەلەیە، هیچ بەڵگەیەک بۆ تاوانبار کردنی ئەو حەوت چالاکە کوردە لە پەروەندەکەیاندا بوونی نییە، و دادگای شاری پاوە تەنیا لەژێر فشاری \"مەلا قادر قادری\" ئەو حەوت چالاکەی بە زیندان مەحکووم کردووە.

\"18771.jpg\"
دادگای پێداچوونەوەی ئوستانی کرماشان حوکمی شەش مانگ زیندانیی تەعزیری موعتەسەم شافعی، جهانبەخش ئەحمەدی، بابەک عەباسی و محەممەد نیگاری پشتراست کردەوە
دەگوترێت کە قانع حاتەمی و محەممەد نیگاری کارمەندی ئیدارەی کاروباری سینفیی شاری پاوە بوون کە ساڵی رابردوو پاش ئەوەی لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە بەرەوڕووی دەستبەسەری بوونەوە، دەستبەجێ لەسەر کار دەرکرابوون حوکمی دەرکرانەکەیان لە لایەن دادگاوە یەکلایی بووەتەوە.

ئەو چالاکانە لە درێژەی رەوتی دەستبەسەر کرانی چالاکانی فەرهەنگی و رۆژنامەنووسیی کورد لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران لە مانگی رەشەمەی ساڵی رابردوودا دەستبەسەر کران کە لە ماوەی ئەو یەک مانگەدا ٢٢ چالاکی سیاسی و فەرهەنگیی کورد لە شاری پاوە بەرەوڕووی دەستبەسەر کران بوونەوە.