بەرێوەچوونی شانۆی حاجی لەقلەق لە مەهاباد

22:20 - 4 جۆزەردان 2716
ئاژانسی کوردپا: چیرۆک و بە سەرهاتی منداڵێکی تەمەن ٤ ساڵەی خەڵکی شەنگاڵ لە شاری مەهاباد کرا بە شانۆ.

ئەو شانۆیە باس لە بەشێک لە تاوانەکانی گرووپی تێروریستی داعش لە ناوچە کوردنشینەکانی وڵاتی سووریە دەکات.

شانۆی حاجی لەقلەق کە بە زمانی کوردی بەرێوەدەچێت و باس و بە سەرهاتی چیرۆکی مێرمنداڵێکی تەمەن ٤ ساڵە بە ناوی عەزیز خەڵکی شاری شەنگاڵ، کە لە کاتی هێرشی گرووپی تێرۆریستی داعش بۆ ئەو شارە کە لە بنەماڵەکەی جیا بووتەوە، دەکات.

عەزیز دوای دابڕانی لە بنەماڵەکەی، دوای چەند ڕۆژ دەدۆزرێتەوە و دەبرێتە وڵاتی سووریە لە ڕێگای ڕاگەیەنەکانەوە بنەماڵەکەی پەیدا دەکەن، بەڵام چەند کاتژمێر پێش لە گەیشتنی بنەماڵەکەی بە منداڵەکەیان، عەزیز گیانی لە دست دەدات.

بەرهەمی حاجی لەقلەق لە نووسینی سابیر نیکبەخت و بە دەرهێنەری سیروان خزرپوورە و ٩ کەس ڕۆڵی تێدا دەگێڕن.

شانۆ حاجی لەقلەق هەتا ٨ی جۆزەردان لە هۆڵی آمفی تئاتری شاری مەهاباد و دواتر لە شارەکانی سنە و سەقز و پاشان لە شاری هەولێر لە هەرێمی کوردستانی عێراقێش پێشان دەدرێت.

شاری مەهاباد بە یەکێک لە گرینگرین جەمسەرەکانی هونەری شانۆیی لە پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا بە ئەژمار دێت.